ن :هەژار خالید قادر
مۆنگۆل یان مەغۆل (بە مۆنگۆلی: МонголчуудMongolchuud بە ئینگلیزی: Mongols)، گروپێکی ڕەگەزییە کە ئێستا لە مەنگۆلیا و کۆماری گەلی چین و ڕووسیا دەژین.
سەرەتا لە ناوەڕاستی ئاسیاوە و لە ناوچەیکدا کە بە مەنگۆلیا ناسراوە پەیدابوون، مەنگۆلی بەھەموو ئەو کەسانە دەڵێن کە بە زمانی مۆنگۆلی قسە دەکەن و لە ناویشیاندا گەلی (کالمیک) کە لە خۆرھەڵاتی ئەورووپا دەژین[١].
ھێشتا بنەڕەتی زمانی مۆنگۆلی دیاری نەکراوە، ھەندێک لە زانایانی بواری زمان ڕایان وایە لە زمانی تانگۆسییەوە ھاتووە کە بەشێکە لە (تای)، ھەندێکیش ئەیگێڕنەوە بۆ کاریگەری زمانی سیبیری کۆن. سەرەتا ناوی مەغۆل لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی تانگی چینی لە سەدەی ھەشتەمدا دەرکەوتوە، بەشێوەیکی دیارتر لە سەدەی ١١ و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی کاسایدا دەرکەوتون، کۆمەڵێک ھۆزی بچووک ھە بوون کە لە دەوروبەری ڕووباری (ئۆنون) ی بڵاوبونەتەوە کەئێستا دەکەوێتە نێوان ڕووسیا و مەنغۆلیاوە. زۆربەی زۆری ھۆزەکانی مەغۆل و تەتەر لەسەر دەستی جەنگیزخان دا یەکیان گرتووە. ئێستا مەغۆلەکان لە نێوان مەنغۆلیا و چین و ڕووسیا و ئاسیادا دەژین، کەمینەیەکیشیان لە ئەفغانستان دەژین وەک ھازارایییەکان، کە بەمەزھەب شیعەن و ھەندێکیشیان لە ئێران دەژین. یەکگرتنی مەغۆلەکان و پڕۆسە داگیرکارییەکانیان: تا ئەوکاتەی جەنگیزخان دەردەکەوێت ھۆزە مەغۆلییەکان پەرتەوازەو ناکۆک بوون و لە نێوان خۆیاندا لە شەڕدا بوون، بەڵام جەنگیزخان توانی ھۆزەکانی مەغۆل و تەتاریش یەکبخات، بەمەش بوونە لەشکرێکی بەھێز و سەرەتا باکووری چینیان داگیر کرد و پاشان بەرەو خۆراوا ڕۆشتن و وڵاتی خوارزمیان تێکشکاند کە میرنشینێکی ئیسلامی بوو، پاشان وڵاتی ئەودیو ڕووبار و خوراسان و فارسیان داگیر کرد. پاشان دەوڵەتی مەغۆلی بووبە سێ بەشەوە، بەشی باشووری خۆرئاوای بەر (ھۆلاکۆ) کەوت، سوپاکەی ھۆلاکۆ بەردەوام بوو لەداگیرکاری تا توانیان لە ساڵی ١٢٥٨ زاییندا بەغدای پایتەختی خەلافەی ئیسلامی داگیر بکەن و خەلیفەی عەباسی بکوژن، پاشان وڵاتی شامیان داگیر کرد و ساڵی ١٢٦٠چوونە ناو دیمەشقەوە، لەم کاتەدا ھەواڵی مردنی خاقانی مەزنی مەغۆلەکان کەناوی (مەنکۆخان) بووە پێدەگات، بۆیە سەرجەم منداڵ و نەوەکانی جەنگیزخان بانگدەکرێنەوە بۆ ئەنجومەنی شورای مەغۆلی، بۆ ئەوەی خانێکی مەزن لە جێی ئەو دەسنیشان بکەن، ھۆلاکۆ کە برای مەنکۆخان دەبێت و یەکێکیش دەبێت لەوانەی کە کاندیدە بۆ ئەوەی بکرێتە خانی مەزن، لەگەڵ زۆرینەی سوپاکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ قەراقۆرمی پایتەختی مەنغۆلیا، بەڵام بەشێکی بچووکی سوپاکەی بەسەرۆکایەتی (کەتەبغا) لەولاتی شام دەھێلێتەوە، کە (تەبغا) ھێرش دەکاتە مەمالیک لەوڵاتی میسر و لە جەنگی عەین جالوتدا لە بەرامبەر مەمالیکدا کە لەلایەن سەیفەدین قتزەوە سەرۆکایەتی کراوە تێک دەشکێت. ئەمەش یەکەمین تێکشکانی مەغۆل بووە لە پڕۆسە داگیرکارییەکانیدا.