شەهلا رەشید- سۆران
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” پێویستە باس لەو خۆراكانە بكرێن كە یارمەتیدەرن بۆ بەرزبوونەوەی باڵای منداڵان، نابێ بەهیچ شێوەیەك منداڵ لە خواردنیان بێبەش بكرێن، لەوانەش خواردنە دەریاییەكان بەتایبەت ماسی، سوودێكی زۆریان هەیە بۆ ئێسكی منداڵ و باڵای بەرزتر دەكات، هەروەها هێلكە، ئەمەش خواردنێكی ئاسانە و بەردەوام بەردەستە، یارمەتیدەرێكی زۆر گرنگە بۆ هەڵكشانی باڵای منداڵ، بۆیەش هەوڵبدەن هەفتەی 5 بۆ 6 هێلكە لە رۆژە جیاجیاكاندا بدرێتە منداڵ، مریشك و گۆشت، زۆرجار بەهۆی هەبوونی چەوری لەوانەیە بەشێوەیەكی خراپ و زیانبەخش لێكبدرێنەوە، بەڵام كاریگەری زۆریان هەیە و سوود بە بەرزببونەوەی باڵای منداڵ دەگەیەنن.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد” بەرهەمە سپییەكان كە شیر، پەنیر، ماست و جۆرەها بەرهەمی تر لەخۆ دەگرێتەوە، ئەمانەش زۆر گرنگیان هەیە و یارمەتیدەرێكی باشن بۆ بەرزبوونی باڵای منداڵ، هەروەها پێویستە ئەوەش بزانن پاقلەمەنییەكانی وەك نۆك، نیسك، فاسۆلیا و…هتد، رۆڵێكی گرنگیان هەیە و زۆر بەسوودن بۆ ئەوەی باڵای منداڵ بەرزتر بێت، كۆی ئەو ماددانە لەگەڵ سەوزە و میوەكان دەتوانن تەواوكەری یەكتربن، دەكرێ لە رێگەی ئەم ماددانە و هەموو جۆرە ڤیتامین و كانزاكان و ئەو ماددە سەرەكییانەی كە لە رووی بەرووبوومی خۆراكییەوە دەوڵەمەندن لە پڕۆتین، كاربۆهیدرات و چەوری، بە منداڵ بدرێن چونكە هەموو ئەمانە وا دەكەن باڵایان بەرزتر بێت و لە كورتەباڵای بیانپارێزێت.