زاری كرمانجی- بارزان:
ئەمڕۆ ٦١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ژیانی پێشمەرگایەتی سەرۆك بارزانی، لە 20ی ئاداری ساڵی 1962 بۆتە پێشمەرگە و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا سەركردایەتی و ڕۆڵی باڵای لە نووسینەوەی چەندین دەستكەوت و داستانی مێژوویی و بەناوبانگی كوردستاندا هەبووە.
20ـی 5ـی هەموو ساڵێك كە دێت، ساڵێكی دیكە دەچێتە سەر تەمەنی پێشمەرگایەتیی سەرۆك بارزانی، چونكە ئەو هێشتا هەر خۆی بە پێشمەرگەی كوردستان دەزانێت.
سەرۆك بارزانی لەدایكبووی ڕێكەوتی 16/8/1946، لە شاری مەهابادی پایتەختی كۆماری كوردستانە، ئەوەش هەمان ڕۆژە كە یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد لە شاری بەغدا بەستراوە و تێیدا بارزانی نەمر وەك سەرۆكی پارتەكە هەڵدەبژێرێت.
لە دەستپێكی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر باشووری كوردستان لە ڕێكەوتی 11/9/1961دا، بە ناچاری خوێندن بەجێ دەهێڵێ و لە ڕێكەوتی 20ی ئایاری 1962 پەیوەندی بە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەوە دەكات.
سەرۆك بارزانی، دەڵێت: لە ڕێكەوتی 20ـی ئایاری ساڵی 1962 لە گەلیی بێخمە پەیوەندیم بە بارەگای بارزانیی نەمر كرد و بە فەرمی چوومە ڕیزی پێشمەرگەوە، دۆخی سیاسیی پێش شۆڕش و كەشی دوای شۆڕش، بارێكی هەڵخستبوو، كە باوكمان زۆربەی كات دوور لە ماڵ و خێزان بێت، بۆیە داواكاری خۆم بۆ پەیوەندیكردن بە ڕیزەكانی شۆڕشەوە، بەهۆی نامەوە بۆ باوكم نارد، وێرای ڕەزامەندیی باوكم، بە هەوڵێكی زۆر ڕەزامەندیی ئیدریسی برام و شێخ بابۆی مامم، دوای هەموو ئەمانەش دەبوایە ڕەزامەندیی گەورەمان شێخ ئەحمەد بارزانی وەربگرم، وردەكاریی چۆنیەتی پەیوەندیكردنم بە شۆڕشی ئەیلوول و ڕیزەكانی پێشمەرگە لە بەرگی سێیەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)دا لە بەشی شۆڕشی ئەیلوولدا باس كردووە، تا ئێستەش بیرهاتنی سات بە ساتی چۆنیەتی ڕۆیشتنم بەرەو بەرەی پێشمەرگە و بارەگای بارزانی، بۆ من خۆشی بەخشە و بەشێكە لە یادەوەرییە هەرە خۆشەكانی ژیانم.
عەبدولڕەحمان مەلا رەسووڵ، جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، راگەیاند: رۆژی بوونی سەرۆك بارزانی بە پێشمەرگە رۆژێكی گەشە بۆ پێشمەرگە و كوردستان بەگشتی، كاتێك بارزانی نەمر دەستی بە شۆڕشی ئەیلوول كرد شۆڕشێكی سەرتاسەری بوو بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی، بێگومان شۆڕش پێویستی بەهەموو بوارەكان هەبوو لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاسایی و هەتا ئایینی و پێكەوەژیان، سەرۆك بارزانی هەر لە تەمەنی ١٦ ساڵیەوە پەیوەندی بە شۆڕشەوە كردوو لە تەمەنێكی زوودا شان بەشانی پێشمەرگە دەستی بە خەبات كرد لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان”.
جێگری سەرۆكی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان دەشڵێت: “من لەساڵی ١٩٦٧ بۆ جاری یەكەم گەیشتمە خزمەت سەرۆك مەسعوود بارزانی لە قەسرێ، ئەوكات یاریدەدەری كادیربووم لەو كاتەی چاوم بە سەرۆك بارزانی كەوت بڕیارمدا هەتا لەژیاندابم لەخزمەت سەرۆك بارزانی بم و لەو رۆژەوە تا ئێستاش من بەردەوامم لەخەبات”.
عەبدولڕەحمان مەلا رەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: “لەوكاتەی سەرۆك بارزانی دەستی بە خەبات كرد تا ئێستا بەدرێژایی ئەو مێژووە بە زۆر قۆناغی سەختدا تێپەڕین، بەڵام ئەوەی توانی ئومێد پەیدا بكات و خۆڕاگربێت لەبەردەم هەموو ئەو پیلانانە كە لەلایەن ناحەزانی كورد و پارتیمانەوە ئەنجامدراون، پێویستە هەموو میللەت شانازی بە سەرۆك بارزانیەوە بكات وەك سیمبۆلی شاخ و مەدەنیەت شانی داوەتە بەر هەموو كێشەكانی میللەتەكەی”.