شەهلا رەشید- سۆران:
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، بۆ كاروباری كارمەندان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دوابەدوای كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دامەزراندن ژمارەیەك كارمەندی نوێ لە ئیدارەی سۆران لە بوارە جیاوازەكانی تەندروستی، هەرچەندە میلاكاتی خودی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتییە، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین زیاتر كەموكورتییەكانی نەخۆشخانەكان و بنكەكانی سنوورەكەمان بەم رێژەیە پڕ بكەینەوە تایبەت نەخۆشخانەی ئاشتی بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر سوودی لێوەرگرن.
زیاد حەسەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بۆ كاروباری كارمەندان، ئاشكراشی كرد:” لەو ژمارەی كە دادەمەزرێن، هەوڵدەدەین دەرفەت زیاتر بۆ خۆبەخشەكان بێت، تەنانەت ئەگەر بە رێژەیەكی كەمیش بێت، هەروەها لەوانەش پشكێك بۆ بەشی چاودێری چڕ، بەشی هەناسەی دەستكرد (RCU) كە بۆ ئەم بەشەش 12 كەسن و لەماوەیەكی نزیكدا خوولیان پێدەكرێن، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بۆ هەناسەی دەستكرد سەردانی هەولێر نەكەن، هەروەها بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆرانیش لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ كردنەوەی سەنتەرێكی تایبەت بە هەموو ئامێرەكانی تیشكەوە وەك MRI و CTscan و تیشكی دیجیتاڵ”.