بەیان سامی : ئەمەریكا پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر دەكات
زاری كرمانجی – سۆران :
بەیان سامی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕاگەیاند:’ ‘پەیوەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زۆر باش و بەهێزە، وەك دەبینن زۆرێك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی كوردستان.”
نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە چوارچێوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەمەچەشن كردنی سەرچاوەكانی داهات، هەوڵەكانی بۆ بازاڕگەریی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران چڕ كردووەتەوە.
هاوكات بەیان سامی باس لە هاتنی شاندێكی ژووری بازرگانیی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ: ”شاندەكە لە كۆمەڵێك وەبەرهێنەر و كۆمپانیای بواری كشتوكاڵی پێكدێت و مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.”
ئەوەش دەڵێ :”پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، پەیوەندییەكانی هەمەجۆرە و ئەو وڵاتە پشتگیرییەكی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكات و دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات.
پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمەریكای لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و توركیا خستووەتە سەر خەت و دەیەوێت ئەو پرسە بە خێرایی چارەسەر بكرێت، چونكە ئەمەریكا دەیەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە هەرێمێكی بەهێز و سەركەوتوو لە ناوچەكە.