سەردار قازی ـ رواندز:
چەند رۆژێكە خولێك لەسەر ئاستی هەرێم لە رواندز بەڕێوەدەچێت، ئێواران یاریگەی گەردەگەرد جمەی دێ لەهاندەر، لە 18 شار و ناوچەی جیاواز تیپی میللی كۆمەڵیان گرتووە و بەشداری ئەم پاڵەوانێتییەیان كردووە.
57 تیپی میللی لەسەر ئاستی كوردستان بە شێوازی دەرچوون بەیەك دۆڕان كێبڕكێ لە نێو خولی پێبۆ سپۆڕت دەكەن، بەشێكی زۆری یارییەكانیش لە یاریگەی گەردەگەرد دێنە ئەنجامدان.
خولەكە بۆ ئەو تیپانەیە سوودمەند بوونە لە درێسی بڕاندەكەی پێبۆ سپۆڕت،
خولی پێبۆ سپۆرت بەهاوكاری ناوەندی وەرزش و لاوانی رواندز، لیژنەی تیپە میللیەكان و دەستەی نابژیوانان ى ئەوشارە بەڕێوەدەچێت.
كۆمەڵێك خەڵاتی جۆراوجۆر دانراون بۆ براوەكان، بەجۆرێك تیمی پلەی یەكەم سێتێكی ئۆرجیناڵ بەویستی خۆت دروست دەكرێت كە تێچووی 500,000 پێنج سەد هەزار دیناری عێراقییە، جگە لە پێدانی جام و مەدالیا.
پلەی دووەم سێتێكی ئەوروپی بۆ دیزانی دەكرێت بەتێچووی 400,000 چوارسەد هەزار، لەگەڵ جام و مەدالیا.
باشترین یاریزانی خول لاپچینێك،
باشترین گۆلپارێز پەنجەوانەیەك و
گۆلكاری خول لاپچینێك ـیان پێدەدرێت.
جگە لەوەی هەموو یارییەك باشترین یاریزان و بەڕەوشترین یاریزان دیاری دەكرێت و خەڵاتیان پێدەدرێت.
پێبۆ خدر، بەدەر لەوەی وەرزشوانە، دیزاینەری جل و بەرگ و پێداویستی وەرزشییە، بەشێكی زۆری یانە و تیپەكانی كوردستان پشت بە بڕاندەكەی دەبەستن. ئەو سەرپەرشتیاری خولەكەیە ئامانجی كۆكردنەوەی ئەو تیپانە لە رواندز باسدەكات: “مەبەستمان لەكردنەوەی ئەو جۆرە خولانە ئاشنا كردنی شارەكانی دیكەیە بە رواندز، هەروەها بەرز بونەوەی ئاستی یاریزانەكان، چونكە گومان لەوە دانیە ئاستی یاریزانانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە كەمترین یاریزانمان لەخولی پلە نایاب و پلە یەكی كوردستان یاریی دەكەن. بۆیە پێویستە ئەم جۆرە خولانە زیاتر گرنگی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی ئاستی یاریزانان لەم دەڤەرە گەشە بكات.”
دەشڵێت: “داواكارین لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوان هاوكارمان بن بۆ ئەوەی جوڵەی گەورەتری وەرزشی لەم دەڤەرە بەڕێوەببەین.”
ئامانجێكی دیكەی پێبۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵكی ناوچەكە هەیە، دەیخاتەڕوو: “ئەنجامدانی ئەو جۆرە خولانە بوژاندنەوەی باری ئابووری هاونیشتیمانیانە بەدیوێكی تر، چالاكی گەورەترمان لە نیازە بۆ ئاییندە.”