نووسینی: ایوب نیعمت ملا
میرنشینی ڕەوادی یەکێک بوو لەو میرنشینە کوردییەکان کە لە سەدەکانی ناوەڕاست دا سەرهەڵداوە، ئەم میرنشینە لە ماوەی نێوان ساڵانی ( 280-463ک/893-1070ز) فەرمانڕەوایەتی کردووە. زاراوەی (ڕەوادی) ناوی تیرەیەکی کوردی هەرێمی ئازرەبایجان بوو. وەک ناوێکیش بۆ حوکمەتەکە لە ناوی (موحەممەدی ڕەوادی) ی سەرۆکی ئەم تیرەیە و دامەزرێنەری ئەم حوکومەتە وەرگیراوە.
ڕەوادییەکان کێن؟ ناوی (ڕەودای) کە بە چەند شێوازێکی جیاواز وەک (ڕەوەند) یان (ڕاوەند)هاتووە، لە ناوی تیرەیەکی سەر بە هۆزی (هەزبانی یان خێزانی یان هەزانی)ی کوردی وەرگیراوە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی سێیەمی کۆچی بەرامبەر بە سەدەی نۆیەمی زاینی لە ناوچەی بادینانەوە کۆچیان بۆ ناوچەی ئازەربایجان کرد و تێیدا نیشتەجێ بوون. لە نیوەی دووەمی ئەو سەدەیەش لە لایەن سەرۆکەکەیانەوە بنیادی حکومەتێکی نیمچە سەرەبەخۆ نرا. شوێنی جوگرافیای ئەم میرنشینە (ئازەربایجان) هەرێمێکی دیار و فراوانی ئەو سەردەمە بوو، کە کەوتبووە خۆرئاوای دەریای خەزەر و وڵاتی دەیلەم و خۆرهەڵاتی هەرێمی چیا و باکووری هەرێمەکانی ئەرمەنستان و ڕان. گرنگترین مەڵبدەندەکانیشی (تەورێز، مەراغە، ئەردەبیل، ئورمیە، سەلماس، سیسر) و پایتەختی حکومەتەکەش شاری (تەورێز)بوو. وە هەروەها هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی ئەم میرنشینە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی خەلافەتی عەباسی لەوکاتەدا. بەناوبانگترین میر ئەو میرنشینە ناوی (ئەبو مەنسوور واهسوزان کوڕی موحەمەد) کە لەلایەن خەلیفەی عەباسی بەناوی (قادر بیللا) نازناوی ( شمشێری دەوڵەت و شەڕەفی میللەت)ی پێ بەخشراوە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی میرنشینی (ڕەوادی) لەگەڵ هێزەکانی تر خۆی لە چەند پەیوەندیەک دەگڕێتەوە لەوانەش:
- پەیوەندی لەگەڵ خەلافەتی عەباسی: بەگشتی پەیوەندی نێوان ئەم دوو هێزە پەیوەندیەکی باش بووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوی خەلیفەی عەباسی کە نازناوی بەخشی بە یەکێک لە میرەکانی ڕەوادی کە لە پێش تر ئاماژەمان بۆی کردووە.
- پەیوەندی لەگەڵ هەزبانییەکان: بەگشتی پەیوەندی نێوان ئەم دوو هێزەش پەیوەندیەکی باش بووە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کەوا هەردووکیان ڕێکەوتننامەیەک یان واژۆکردوە، لە دژی شاڵاوەکانی غەزەکان بەلام لەو کارەیان سەرکەوتوو نەبوون.
3.پەیوەندی لەگەڵ شەدادییەکان: بە شێوەیەکی گشتی بە گوێرەی کات و زەمەن پەیوەندی ئەم دوو هێزە لە ئاستی جیاواز خۆی دەبینێتەوە لە لایەک باش و لەلایەک خراپ. لەڕووی باش یەکەی ئەوە بوو (میر فەزڵەوی شەدادی) هاوکاری سەربازی بۆ میرنشنی ڕەوادی ناردووە لە دژ بە ڕووسەکان، وە لەڕووی خراپیەکەی ئەو دوو میرنشینە لەسەر دەسەڵات و زەوی ململانێیان دەکەوێتە نێوان یان.
4.پەیوەندی لەگەڵ غەزەکاندا: بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی ئەو دوو هێزە پەیوەندیەکی خراپ یان لەنێوان دا هەبووە، لەبەر ئەوەی غەزەکان شاڵاوی کیان کردە سەر ئەو میرنشینە، لەسەر ئەنجام توانیان شاری (تەورێز) داگیربکەن.
دیارە هەر دەسەڵاتێکی سیاسی، سەربەخۆ بووبێت یان نیمچە سەربەخۆ لە قۆناغێکدا کۆتایی بە ژیانی سیاسی هاتووە، هۆکاری سەرەکی و نەمانی دەسەڵاتی سیاسی ئەم میرنشینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا ئەو ململانێیەی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی ڕەوادییەکان و وە ململانێ لەگەڵ هۆزی هەزبانی لەسەر دەسەڵاتداریەتی دا بوو. وە هۆکاری دەرەکیش شاڵاوی غەزەکان و شاڵاوی بێزەنتییەکان بووە هۆی لە لاوازی و لەناو چوونی ئەم میرنشنە.
Ayub Nihmat