سادق رواندزى : ئامانج لەو فەرهەنگە، پارێزگاریکردن و دەوڵەمەندکردنی شێوەزاری ڕواندزێ یە
مەهدی محەممەد – ڕواندز :
دوای فەرهەنگی صادق، فەرهەنگی ئۆدا دووەم فەرهەنگی نووسەر (سادق ڕواندزی) و چوارەمین پەرتووکی بڵاوکراوی ئەوە کە لە دووتوێی 150 ڵاپەرە کەوتە بەر دیدی خوێنەران، نووسەر لە بارەی فەرهەنگی ئۆدا بەو شێوەیە قسە بۆ زاری کرمانجی دەکات و دەڵێ : “فەرهەنگی ئۆدا تایبەتە بە شێوەزاری ڕواندز و هەندێک گوندی دەوروبەر و ناوی (ئۆدا) ی پەرتووکەکەش هەر لە بیرۆکەی ئەو شێوەزارە وەرگیراوە و ڕواندزییەکان بە دایک دەڵێن ئۆدا،”
ئامانج و مەبەست لە فەرهەنگی ئۆدا، هەر وەکوو سادق ڕواندزی نووسەر هێمای بۆ دەکات : “مەبەستی زیاترم لەم فەرهەنگەدا لە یەکتر جیاکردنەوەی ئامرازی نێر و مێ یە، کە خەڵک بەرچاوی ڕوونی زیاتری هەبێت لە ناوچەی ڕواندز، ئامانجەکەش دەوڵەمەندکردنی ئەو شێوەزارە و هاندانە بۆ ئەوەی هەر کەسە و لای خۆی بایەخ بە شێوەزاری ناوچەی خۆی بدات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتری زمانی کوردی و تا نەوەکانیش لە داهاتوودا سوودی لێ وەربگرن بۆ ئەوەی بزانن کە زمانی کوردی بە فراوانی شێوەزارەکانی یەوە چەندە دەوڵەمەند بووە و پارێزگاری لە بوونی خۆی کردووە.”