بەڕێوەبەری ئاوی سۆران : لەگەڵ کۆمپانیایەک لەسەر خەتین بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاو
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
هاووڵاتییانی بەشێک لە گەڕەکەکانی قەزای ناوەندی سۆران گلەیی خۆیان گەیاندووە بە زاری کرمانجی و نیگەرانن لە شێلوو بوونی ئاوی خواردنەوەیان، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران یش ئەوە ناشارێتەوە کە چەندین گەڕەک گرفتی شێلووبوونی ئاویان هەیە و دەڵێ چارەسەربوونی ئەو کێشەیە تەنیا بە دانانی وێستگەی پاککردنەوە دەبێت.
تەحسین سەعدوڵڵا بەڕێوەبەری ئاوی سۆران لە لێدوانێکی تایبەت بە زاری کرمانجی باس لە شێلووبوونی ئاوی چەند گەڕەکێک دەکات و پێی وایە هۆکارەکە بە هۆی بوونی باران بارین و زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاوە و دەڵێ:”ساڵانە ئەو کێشەمان بۆ دروست دەبێت،”
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران باس لەوەش دەکات ئەو کێشەیان گەیاندووتە ئیدارە و دەڵێ :”تاکە چارەسەر بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە نەبینەوە، دروستکردنی وێستگەیەکی پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاوە لە سۆران، لەگەڵ ئیدارەش قسەمان کردووە و لە ئێستادا لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی تورکی لەسەر خەتین بۆ دروستکردنی ئەو وێستگەیە.”