موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەی چەندین ساڵە، بەشێك لە گوندەكانی دەڤەری برادۆست لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە دەست بێ ئاوی دەناڵێنن و تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی نۆژەن كردنەوەی تۆڕی ئاویان بۆ ئەنجام نەدراوە، بەپرسی فەرمانگەی ئاوی ناوچەكەش دەڵێت:” لە رێگەی تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكەین .
قارەمان شێخۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” سالانە بە مەبەستی روبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی و ئاسانکاری بۆ گوندنشینان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تانكەر پڕۆسەی دابین کردنی ئاو ساڵانە ئەنجام دەدات، ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی قەزای سیدەكانیش لەو پڕۆسەیە سود مەند دەبن.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” ئەمساڵ 25 گوندی سنوورەكەمان گرفتی ئاوی خواردنەوەییان هەیە و لە هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە دابین كردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گوندانە.
گووتیشی:” هەر گوندێك سەرچاوەی ئاوی وشك بووبێت یا تۆڕی دابەش كردنی ئاوی گوندەكەیان خراپ بووبێت، لە رێگەی موختار، داواكاری دانیشتوانان پێشكەش بە فەرمانگەكەمان بكەن، تا بتوانین ئاویان بۆ دابین بكەین”.