سەردار قازی – زاری کرمانجی:
بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە کاتژمێر 4 ی ئێوارە تیر و پشکی وەرزی نوێی خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایندە ڕکابەرییەکان ئەنجام بدرێن.
خولی یانە نایابەکانی کوردستان بە بەشداری 16 یانە دەبێت، وەرزی ڕابردوو یانەی سیروانی نوێ بووە پاڵەوان و یانەکانی هەولێر و هەڵۆ دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان، هەر دوو یانەی ئاکرێ و چوارقوڕنە تازە میوانی خولەکەن.
جەلال سەعید، گوتەبێژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان ڕوونکردنەوەی سەبارەت بە وەرزی نوێی کێبڕکێیەکە خستە ڕوو و بە زاری کرمانجی گوت:” خولی نایاب بە هەمان شێوازی وەرزەکانی پێشووی دەبێت، واتە هەر یانەک 30 یاریی بە درێژایی خول ئەنجام دەدات، دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەند دادەبەزن بۆ خولی یانە پلە یەکەکان.”
گوتیشی،” مەراسیمی ڕاکێشانی تیر و پشک لە هۆڵی “هۆتێل شیڕاتۆن” دەبێت لە هەر یانەیەک پێویستە 3 کەس ئامادەبن و مەرجە پێشووتر ناوی ئەو سێ کەسە درابێتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان.”
یانەی سۆران تاکە یانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ە، کە بەشدارە لە ڕکابەری یانە نایابەکان و وەرزی ڕابردوو پلەی دوازدەی خولەکەی بەدەستهێنا.