كوڕێكی خالیدی خولەسوور سەرۆك عەشیرەتی غەوارە، وەڵامی كاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەكێتی دەداتەوە و دەڵێ” ئۆتۆمبێلی شكاندۆتەوە سەر ئۆتۆمبێلەكانی ئێمە و لەكاتی دابەزینشی تەقەی كردووە”.
لە چەند شەوی رابردوو، لە بازگەی ( تۆپزاوە)ی كۆیە، تەقەیەكی زۆر كرا، دواتر كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان خۆی راییگەیاند ” تەقەی لێكراو و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گووتی ” ئەوانەی تەقەیان كردووە، گرووپێكی تیرۆریستی بوون و زیاتر لە 20 كەس بوونە”.
لەبەرانبەردا، ئاشكرا بوو ئەوانەی شەڕەكەیان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە كردووە، كوڕێكی خالیدی خولەسوور سەرۆكی عەشیرەتی ( غەوارە) و پاسەوانەكانی بوون.
لە لێدوانێكدا زانا خالید خولەسوور رایگەیاند ” ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە دەیڵێ دوورە لە راستی نە تیرۆریست تەقەی لێ كردووە و نە چەكداریش، بەڵكو ئەو بە پاترۆڵێكی رەشەوە شكاندوویەتییەوە سەر ئۆتۆمبێلەكانمان، هاوكات ئەوەیش بووەتە هۆی دەمەقاڵێ.”
ڕوونیشی كردووەتەوە ” كە سەرەتا وایزانیوە ئەو ئۆتۆمبێلەی كاروان گەزنەیی چاودێری ئۆتۆمبێلەكانی ئەو دەكات، چونكە وەك خۆی ئاماژەی پێداوە ئەوان دوژمندارن و بەردەوام چەند ئۆتۆمبێل و چەندان پاسەوانیان لەگەڵدایە، بەڵام لەناو بازگەی تۆپزاوە كاتێك وەستاوە دەركەوتووە كە پەرلەمانتارێكی یەكێتییە و تەقە دەكات”.
هەروەها دووپاتی لەوە كردووە ” ماڵیاتی خالیدی خولەسوور لەوەتەی هەن شەڕی تیرۆریست دەكەن، بۆیە ناوهێنانیان بەوجۆرە لەلایەن پەرلەمانتارێكی یەكێتییەوە قبووڵكرا و نییە و سكاڵای یاسای لەسەر تۆمار دەكەن”.
ئەوەیشی گووت” ئێستە دەستیان بەسەر دەمانچەكە كاروان گەزنەیدا گرتووە”.