هەر یەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كلیچدار ئۆغلوو، پەیامی نوێیان بڵاو كردەوە، ئەردۆغان رایگەیاند “درێژە بە هەمان سیاسەتی پێشوو دەدەین” لای خۆشیەوە كلیچدار ئۆغلوو لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە ” ئێستا كاتی گۆڕانكارییە”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا و كاندید خۆی بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی رایدەگەیەنێت “ئەگەر لە خولی نوێی سەرۆكایەتیدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا بەرنامەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا ناگۆڕێت كە لە ساڵانی ڕابردودا پەیڕەوی كردووە”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (سی ئێن ئێن تورك و كەناڵ دی) ڕایگەیاند ” بەنیازە هەمان سیاسەت لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕوسیا و وڵاتانی دیكەدا وەك پێشو بپارێزێت و پەیڕەویان بكاتەوە.”
ئەردۆگان روونیكردۆتەوە “تا ئێستا ئێمە سیاسەتی (باوەش)مان لەگەڵ هەمو وڵاتان پاراستووە، لەگەڵ فیدڕاسیۆنی ڕوسیا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چین و هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوایی و پەیوەندییە بەردەوامەكانمان پاراستووە”.
هەروەها وتویەتی “وەك سەرۆكی توركیا بەرگەی ئەو سوكایەتی و توڕەییە ناگرم، بە باشترین شێوە هەمو كەسێكم ناسی، بەردەوامیش دەبم، چونكە سودی بۆ وڵات هەیە، كاتێك دوژمنەكەت بناسیت”.
لەلای خۆشیەوە كەمال كلیچدار ئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە و كاندیدی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رایدەگەیەنێت” خولی یەكەم كۆتاییهات، گەورەترین ڕاستی ئەوەیە كە پەیامی گۆڕانكاری لە سندوقی دەنگداندا ڕەنگی دایەوە”.
كەمال كلیچدارئۆغڵو كە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ركابەری رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی ئێستی توركیا و كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار دەكات، لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند “گەنجان خولی یەكەم كۆتاییهات، گەورەترین ڕاستی ئەوەیە كە پەیامی گۆڕانكاری لە سندوقی دەنگداندا ڕەنگیدایەوە، ئەوانەی گۆڕانكارییان دەیانەوێت ئێستا زیاتر لەم وڵاتەن لە چاو ئەوانەی نایانەوێت”.
ناوبراو روونیكردۆتەوە “ئەوەش ڕونە ئێمە ئەو لایەنەین كە دەبێت زۆر زیاتر خەبات بكەین بۆ ڕزگاربون لە حكومەتێكی بێبەزەیی لەم شێوەیە، هەوڵی چارەسەركردنی نیگەرانییەكانی گەنجان دەدەین”.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەچوو، سێ كاندید ركابەری بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی توركیایان دەكرد، بەڵام بەهۆی هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانی زیاتر لە 50%ی دەنگەكان بەدەستبهێنن بۆیە پڕۆسەی دەنگدان لە نێوان كلیچدارئۆغڵو و ئەردۆگان چووە قۆناغی دوەم كە بڕیارە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.