زاری كرمانجی-سۆران:
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” دوێنێ سێشەممە بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی هەولێر هونەر وەلی بەیاوەری شاندێك، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران-یان كرد، لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب پێشوازی كرا”.
لە كۆبوونەوەكەدا، کە قائیمقامی قەزای سیدەكان، بەڕێوبەری رێگاوبانی سۆران، بەڕێوبەری چاكردنەوەی رێگاوبانی سۆران و بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و بەڕێوەبەری پلاندانان لە ئیدارەی سۆران ئامادەبوون، بە ووردی باس لە پێداچوونەوە بە گرفتەکانی ئەو پڕۆژانەی کە لە واری جێبەجێکردندان كرا”.
گووتیشی: ” بە تایبەت پڕۆژەی رێگاکانی (دۆڵی زەرزێ، لێتان، شێخزادان، ساوا، کەڵێتە و دووسایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران) و خستنەڕووی بەربەستەكانی بەردەم پڕۆژەكانی رێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەند بڕیارێكی پێویست بۆ چارەسەرکردنیان درا”.
ئاماژەی بەوەشدا ” دانان و جێبەجێكردنی پلان بۆ بنیاتنانی ژێرخانی رێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خرایە بەرباس، بە ئامانجی پێشخستنی بواری ئابووری، بازرگانی و گەشتیاری”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: “بە دووسایدكردنی رێگا سەرەكییەكانی نێوان بەشێك لە ناحیە و قەزاكان لە ئیدارەی سۆران لە پلانی ئایندەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت و داواشی لە شاندی میوان كرد كە بە یەكەوە كار لەسەر ئەم بابەتە بكرێت لە پێناو خزمەتكردن بە هاووڵاتییان.