زاری كرمانجی – سۆران:
ئەمڕۆ سێشەممە، پڕۆسەی هێلكاری بۆ شەقامێكی ناوەندی قەزای سیدەكان بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆرانیش، دەڵێت:” هێلكاری لە رێگە و شەقامەكانی قەزاكانی دەورووبەریش دەكەین .
عەقید زرار حوسێن، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئەمڕۆ شەقامی 26ی گوڵان وەك یەكەمین شەقام لە قەزای ناوەندی سۆران كاری هێلكاریمان بۆ ئەنجامدا، پرۆسەكە بە دوو جۆر ئامێر یەكێكیان بۆ بۆیاغی گەرم و حەراری، لە جۆری پێرمۆپلاستیك بە مەبەستی هێلكاری شەقام و ئەوەی تر بۆ بۆیاغی سارد بە مەبەستی بۆیاغ كردنی كربستۆن رەسیف بە كاردەهیندرێن.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” هەموو ئەو پڕۆژانەی كە لە لایەن ئیدارەی سۆران جێبەجێ دەكرێت، دووای تەواو بوونییان، هەركاتێك لە لایەن سەرۆكایەتی شارەوانییەكان ئاگادار كراینەوە، دەست دەكەین بە كاری هێلكاری و دانانی هێلی پەڕینەوە و بۆیە كردنی رەسیفی شەقامەكانی سەنتەری سۆران یا قەزاكانی دەورووبەر .
گووتیشی:” كاری هێلكاری جیا لەوەی جوانكاری بە شەقامەكان دەبەخشێت، لە هەمان كات، چەند مانایەكیشی هەیە و پێویستە شوفێران پێوەی پابەند بن و لەسەر هێلەكان نەوەستن، یا لەو شوێنەی قەدەغە لێك ڕەتبوون ئەنجام نەدەن”.