زاری كرمانجی – سۆران:
بەڕێوەبەری ئاماری سۆران، رایدەگەینێت، بەشێوەیەكی گشتی لە سنووری ئیدارەی سۆران، 802 گوند بوونی هەیە، بەڵام بەشی زۆریان بەهۆی نائارامی چۆڵكراون.
حەیدەر مەحموود، بەڕێوەبەری ئاماری ئیدارەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستماندایە، لە سنووری ئیدارەی سۆران، واتە قەزاكانی ناوەندی سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، رواندز، سیدەكان 802 گوند بوونیان هەیە، بە دیاری كراوی زیاتر لە 200 گوند بەهۆكاری شەڕ و پێكدادانی وڵاتانی درواسێ چۆڵكراون .
بەڕێوەبەری ئاماری سۆران، گووتیشی:” لە ئێستادا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێنج قەزاو 13 ناحیەی هەیە، پلانی زیاد بوون و هێنانەكایەی چەند قەزاو ناحیەی نوێ بۆ ئەمساڵ لە ئارادایە.
ئاشكراشی دەكات، وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سۆران هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران كردووە، كە سیستەمێك لە تەواوی نەخۆشخانە و نووسینگەی لە دایكبوون و مردن ئامادە بكرێت، ، تا بتوانن داتاو زانیاری لە دایكبوون و مردن بەسیستەم لە ئیدارەی سۆران تۆمار بكرێت و مانگانە كۆی داتاو ئاماری تەواو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ئیدارەی سۆران وەربگرین”.