عبدالرحمن احمد عوڵا
سەرمایەداری هێمایە بۆ ئەو سیستەمە ئابوری و سیاسیەی کە بەشێکی زۆری دونیای تەنیوەتەوە. لەدوای شکستی بلۆکی سۆڤیەت و چەپی ڕوسیا و ڕوخانی دیواری بەرلین ئەم سیستەمە گەیشتە دوا تڕۆپکی گەشەی خۆی. بەجۆرێک زۆرێک لەبیرمەندان پێیان وایە ئیدی کێبڕکێکە گەیشتۆتە کەنار و ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتنی ئایدیای دژە سەرمایەداری نەماوەتەوە.
سەرمایەداری هەم وەک سیستمێکی ئابوری هەم کلتوری سیاسی توشی کۆمەڵێک دەردی کوشندە بوە و درز و شەبەقی بەرینی تێدا دروست بوە. یەکێک لەو پرسانەی کە ئەو سیستەمە توانای ئیستجابەی نەماوە پرسی بێکاری و زۆربوونی ژمارەی هەژاریە لەدونیا.ئەو سیستەمە بەدروشمی بازاڕی ئازاد ، ئابوری ئازاد و ئازادی تاکەکان دەستی پێکرد. بەڵام ئەوەی سەمەرە بوو ئەو سیستمە هەر لەو سەرەتایە مایەوە و بگرە چرکە دوای چرکە بەرەو خرابتربوونیش دەچێت.
سەرمایەی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بەجۆرێکە دەتوانێت کیشوەرێک لەهەژاری ئازاد بکات کەچی لەهەمان کاتدا دوو ملیار ئینسان لەژێر مەترسی ژیان و مردن و هێڵی هەژاری دان. جگە لەوەش ئەم سیستەمە پرسی ئیکۆلۆژی و پاراستینی هەسارەی زەوی وەك پرسێکی زۆر پەراوێز تێگەشتوە. توانەوەی بەستەڵەکەکان بەهۆی زۆری پیشەسازی و ئۆتۆمبێل و دڕانی چینی ئۆزۆن و دروست بوونی ڤایرۆسی وەک کۆڕۆنا لەدیارترین دیاردەکانی ناو ئەوسیستەمە ئەنیماڵیەیە.
پرسێکی تری ترسناک پرسی بێکاریە لەناو ئەو فەوزایە ئاڵۆزەدا. ڕۆبۆتەکان بەجۆرێک بوونەتە مەترسی کە بەپێی زۆربەی داتاکان لەچەند ساڵی داهاتودا بەشی زۆری پیشەکان لەلایەن کەسەکانەوە لەدەست دەدرێن. دکتۆر و ئەندازیار و پیشەوەرە دەستیەکان دەبێت لەماڵەوە بینەری دوژمنە ڕۆبۆتیەکانیان بن.
ئەوەی جێگای سەرنجە تاکە ئایدۆلۆژیای بەرەنگار تائێستاش هەر ئایدۆلۆژیای مارکسیزمە، واتا جگەلەوەی بزوتنەوە چەپەکان لەیاریەکە دەرکراون بەڵام هێشتاش هەر چەپەکانن ناوە ناوە قسە لەسەر ئەو یاریە دەکەن کە ساڵانێک بەر لەئێستا تێدا قەڵاچۆکران. بزوتنەوەی مارکسیزمی تائێستاش جددی ترین هێڵی ڕەخنەییه و تاکە بڵندگۆیە کەتێیدا هاواری وەستانی سەرمایەداری بکەین.
بەکورتی و پوختی،ئەوەی وادەکات سەمایەداری ناکۆتا بێت ئەو هێزەیە کەلەناو خودی سیستەمەکەدا خۆی حەشارداوە. ئەوسیستەمە بەجۆرێک ماشێنەکەی لێدەخورێت وەك ئەوەی هیچ بەربەستێک دیار نەبێت لەهەمبەری، چەپەکانیش هەن بەڵام کێشەکە ئەوەیە سنووری ئەو ڕەخنە تەقلیدی و کڵێشەیەی تێنەپەڕاندوە کە مارکسی ساڵانی ڕابردوو یاداشتی کردن.
سەمایەداری شومە،کارەساتە بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە ڕۆژانە بەرهەمی دێنینەوە و بەبێ ئەوەی بزانین بەرهەمی دێنینەوە .