زاری كرمانجی – سۆران:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە میانەی بەشداریكردنی پێدانی بڕوانامە بە بەشداربووانی خولێكی بەڕێوەبەرایەتی كاروراهێنانی پیشەیی سۆران، ئاماژەی بە گرنگی ئەو خولانە و گەڕان بەدوای سەرچاوەكانی دەستكەوتنی كار كرد.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەرخۆی سۆران لە بەشێكی قسەكانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: كردنەوەی ئەم خولانە گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، دەبێت گرنگی زیاتریان پێ بدرێت ، بزاندرێت بازاڕی كار پێویستی بە چی هەیە، زیاتر ئەو خولانە بكرێنەوە، ئێمەش وەك ئیدارە زیاتر پاڵپشت و هاوكاردەبین، پێویستیشە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئامارێك كۆبكاتەوە بزانێت چەند كەس كاریان دەستكەوتووە، چ جۆرە خول و كارێك خواستی لەسەرە بۆ ئەوەی بە وردی كاری لەسەر بكرێت، ئەمەش دەبێتە بەرچاو روونی بۆ ئێمە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: ساڵانی نەوەتەكان كار زۆر كەم بوو لە كوردستان، ئێستا خەڵك لەدەرەوە دێت لێرە كاردەكات، دەستكەوتنی كاری خۆشم پێشتر لە رێگەی خولێكی پیشەیی بوو لە بواری كۆمپیوتەر دواتر توانیم لە رێگەی ئەو خولەوە زانكۆ و ماستەریش تەواو بكەم.
هەڵگورد شێخ نەجیب، باسی لەوەشكرد: ناكرێت دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان بێ كار بووەستن ، زۆر جار دەرچوویەكی زانكۆ یان پەیمانگە دەبینم دەڵێت: سێ بۆ چوار ساڵە دەرچوومە و بێ كارم ، من باسی ئەزموونی خۆیان بۆ دەكەم ، لە ساڵی ١٩٩١ – ١٩٩٢ هیچ رۆژێكم بیر نایەت كارم نەكردبێت و بێ كار بووبم، هەموو جۆرە كارێكیشم كردووە.