زاری كرمانجی- سۆران:
بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاری لە دوو پۆست بكات.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، دوای 24ی مانگ بڕیاری گۆڕانكارییەكان دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و بڕیارە هێمن هەوارمی جێگری پەرلەمانی كوردستان دەست لە كار بكێشێتەوە و زانا مەلا خالید كە ئێستا سەرۆكی فەراكسیۆنی زەردە، بكرێتە جێگری پەرلەمان و رێبوار بابكەیی، كە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەیە دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد.
بە پێی زانیارییەكان ئەو گۆڕانكارییانە پەیوەست كراون بە دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە رۆژی 24ی مانگەوە، ئەگەر ئەو رۆژە بڕیار بدرێت كە درێژ كردنەوەی وادەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە، ئەوە پێویستە هەڵبژاردن بە زووی بكرێت، ئەو كات گۆڕانكارییەكان ناكرێن، بەڵام ئەگەر لە دانیشتنی دادگای بالای فیدراڵی بڕیارێكی دی بدرێت، ئەوە گۆڕانكارییەكان دەكرێن.