“خانمە وەرزشكارەكان نیگەرانن لە كەمی بایەخپێدانیان”
سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
25 ساڵە بەبێ پچڕان ئیشقی وەرزش گرێیداوە بە یاریگەكان رۆژ دوای رۆژ پەرەی بە تواناكانیداوە.
كەم كەس هەیە لەنێو جیهانی وەرزشی بێت و ئاشنای ناوی شاناز نەبووبێت، ئەو شانازییەكی گەورە و پێشڕەوێكی پێشچاوی خانمانە لەنێو وەرزشدا، بووەتە رێچكەشكێنێك تا ئاسانتر ئارەزووەكانیان ئاوێزانی وەرزش بكەن. شاناز جودا لە زۆرینەی خانمانی دیكە تۆپی پێ و فوتساڵی كردووەتە دەرچەیەك بۆ تێكەڵاوبوونی لەگەڵ وەرزش، بەدەر لەوەی مامۆستای وانەی وەرزش، راهێنەرێكی خۆبەخشی فێرگەیە، هاوكات ناوبژیوانێكی دیاری فوتساڵە، تا گەیشتە ئەوەی بەربەستەكانی واڵاكرد و بووە ناوبژیوانی یاریی پیاوانیش.
ناوبژیوانی كردنی خانمێك بۆ یەكەمجار دیمەنێكی نوێیدا بە یاریی تۆپی پێ، كاتێك لە كۆتایی جامی كوردستان بۆ تۆپی پێ، شاناز بو بەیەكەم خانم وەكو ناوبژیوان یارییەكی فەرمی پیاوان لە پاڵەوانێتیەكی كوردستان بەرێوەببات.
شاناز عەلی ئەحمەد، تەمەن37 ساڵ، دانیشتوی قەزای رانیەی ئیدارەی راپەڕینە، ماوەی 6 ساڵە ناوبژیوانی یاریی فوتساڵە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، هاوكات خاوەنی فێرگەیەكی وەرزشی تایبەت بە خانمانە، تێیدا سەرپەرشتی 35 خانمە یاریزان دەكات.
لەمەڕ ژیانی تایبەتیی دەڵێت: “ساڵی2007 چومە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئازاد چنارنەیی، كە ئەویش وەك خۆم وەرزشكاربوو لەوكاتەدا و تائێستاش پاڵپشتی هاوكاری ئازاد بۆمن وایكردووە بەردەوام بم.”
ئەو خانمە ناسراوەی وەرزش بەسادەیی ئەوەش باسدەكات، “لەساڵی 2009پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان بەشی وەرزشم تەواوكرد دواتر لەساڵی 2010لەناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە وەك فەرمانبەر دامەزرام
لەساڵی 2015 بووم بە بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە، تا ماوەیەك بەردەوام بووم دوتر وازم لە ناوەند هێناو چومەوە سەر پیشە ئەسڵیەكەی خۆم. لەساڵی 2016 بەشداریم كرد لە كۆپەری ناوبژیوانی یاریی تۆپی پێی فوتساڵ كرد، توانیم سەركەوتوو بم تا ئێستاش بەردەوامم و ناوبژیوانی نایاب و پلەیەكی كوردستانم، تاكە خانمم لە دەڤەری راپەڕین و سنوری پارێزگای سلێمانی شانبەشانی برا ناوبژیوانەكانم كاری ناوبژیوانی دەكەم
بەردەوامیش وەك چالاكوانێكی بواری وەرزشی كارم كردووە.”
شاناز، سەربوردەی خۆی لەگەڵ وەرزشكردن بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: “سەرەتای دەستپێكردنم دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی 10 ساڵیم، كاتێك بەشداریم لە چالاكی گۆڕەپان و مەیدانی قوتابخانەكەمدا كرد، دوای ئەمە ئیتر بوم بە یاریزان و دواتریش بووم بە راهێنەری یانەی بالەی خانمانی رانیە.”
شاناز عەلی، راهێنەری تیمی فوتساڵی خانمانی رانیە گوتی، هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە وەرزش یەكێك بووە لە خولیاكانم و لە ساڵی 1998 دەستم كردووە بە یاریكردن، لە ساڵی 2000 پێوەندیم كردووە بە یانەی وەرزشی رانیە و بووم بە یاریزانێكی باشی بالە تا ساڵی 2008, دواتر بە خۆشحاڵییەوە بووم بە راهێنەری تیمی بالەی خانمانی رانیە بۆ ماوەی یەك ساڵ.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بەردەوام بووم لە وەرزش و پەرەپێدانی ئامانجەكەم و تیپی فوتساڵی خانمانم دامەزراند لە یانەی رانیە، هەر لە سەرەتای دەست پێكردنمانەوە ئامانجم ئەوە بووە كە كۆمەڵێك یاریزانی باش و لێهاتوو پێ بگەیەنم، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا شوێن دەستمان دیار بێت، بۆیە جێگەی دڵخۆشیە بۆ من كە ئێستا دەبینم ئامانجەكەم هاتووەتە دی و تاكە فێرگەین لە ساڵی 2012 ـەوە تا ئێستا بەشی خانمان هەیە بێ دابڕان چالاكی بەردەواممان ئەنجامدەدەین.
“لە 2012ـەوە تا ئێستا وەك راهێنەرێكی خۆبەخش لە فێرگەی تۆپی پێی رانیە كار دەكەم لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستا و راهێنەری باش, تا ئەمڕۆش بە پاڵپشتی هاوسەرەكەم بەردوامم لە وەرزش”
شاناز، بۆ یەكەمجار لە مێژووی خول و پاڵەوانێتیەكانی كوردستان وەكو ناوبژیوانی چوارەم بەشداری لە یاری كۆتایی جامی كوردستاندا كرد، ئەمە لە كاتێكدا تاكو ئێستا لە خولەكانی كوردستان یاریەكانی تیمی خانمانیش لەلایەن پیاوانە بەرێوەدەبرێن.
دەربارەی ئەم رێچكەشكێنیەی، گوتی: ویستم رێچكەشكێن بم و ببمە هۆكارێك تاكو چیتر هەر پیاوان تاكە سیمای ئەو بوارە نەبن.
شاناز، ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و دایكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ویستی خۆی بۆ برەودان و بەردەوامی لەكارەكەی، لەبیرنەكردوە.
شاناز لەدوا پەیڤەكانیدا داوای كرد، كە زیاتر پەرە بە ئاستی وەرزشی خانمان بدرێت و، لە قوتابخانە سەرەتاییەكانەوە دەست پێ بكرێت و مامۆستایانی وەرزش ئاگادار بكرێنەوە، تا زیاتر هانی خانمان بدەن بە تایبەتی ئەوانەی كە ئارەزووی وەرزشیان هەیە، دواتر یانە و یەكێتییە وەرزشییەكان هان بدرێن كە بەشی خامنانیشیان هەبێت و بەردەوامی بە جوڵەی وەرزشی بدەن.