ڕۆژان قیاس – زاری كرمانجی:
هێمایەكانی ئاگاداركردنەوەی مین لە ناوچە مین رێژكراوەكان كەوتونەتە بەر شاڵاوی شێواندن، ئەمەش هەروەكو بەڕێوەبەری هۆشیاركردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین ئاماژەی بۆ دەكات :”ئەم كارە بۆتە سەرلێشێوانی هاووڵاتییان و زۆر جاریش مەترسی لەسەر ژیانیانی دروستكردووە “.
مەهدی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری هۆشیاركردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هەموو ئەو ناوچانەی مین (لوغم) ی لێیە و بە كێڵگەی مین ناسراون، لە لایەن تیمی رووپێوی لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بە نیشانەی سێگۆشەی سوور دیاری كراوە، بۆ ئاگاداركردنەی خەڵك لە مەترسی بوونی كێڵگەی مین، بەڵام زۆرجار هەندێك كەسی نا بەرپرس هەڵدەستن بە دەستكاری كردنی ئەو نیشانانە و تێكدانیان، ئەوەش دەبێتە هۆی شێواندنی ئاراستەكان و ژیانی هاووڵاتییان دەكەوێتە مەترسی”.
مەهدی داواكارە لە خەڵك بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هێماكانی ئاگاداركردنەوەی مین بكەن، چونكە ئەمە پەیوەستە بە ژیانی مرۆڤەوە و دەڵێت” داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو نیشانانە بكەن و دەستكاری نەكەن، بۆ ئەوەی نەبنە هۆكاری گیان لەدەستدان یان زیان گەیشتن بە كەسانی تر، لەبەر ئەوەی ئەو نیشانانە هۆكارن بۆ ئاگادار كردنەوەی خەڵك لە مەترسییەكانی مین”.