د. شاهۆ حەوێزی، باسی كاریگەرییەكانی خۆڵبارین دەكات و دەڵێت” لەكاتی خۆڵبارین دا هاوشانی گەردیلە وردەكانی تۆز و خۆڵ زۆر جۆری ڤایرۆس و بەكتریاش دەگوازرێنەوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەبێ لە سەر تەندروستی مرۆڤ بە تایبەتی رێڕەوی هەناسە و نەخۆشییەكانی سییەكان.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” باوترین كاریگەرییەكان بریتین لەمانەی خوارەوە:
- پژمین و كۆكەی لەسەر یەك
- سوربوونەوە و هەستیاری چاو
- كرانەوەی قوڕگ و لووت
- هەستیاری پێست
-هەناسەتەنگی بە تایبەتی ئەوانەی هەستیاری سییەكان و رەبۆیان هەیە
هەروەها ئاشكراشی دەكات”هەموو رەگەز و تەمەنێك بۆی هەیە بكەوێتە بەر كاریگەرییە خراپەكانی خۆڵبارین بەڵام ئەمانەی خوارەوە پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن : - ئەو كەسانەی نەخۆشییەكانی هەناسە وەك هەستیاری سییەكان و رەبۆ Asthma ، هەوكردنی درێژخایەنی سییەكان و نەخۆشی درێژخایەنی گیرانی بۆڕی سیەكانیان هەیە.
-ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە وەك سستی دڵ، نەخۆشی تەسكبوونی بۆڕییەكانی خوێن. - منداڵی خوار تەمەنی 12 ساڵان
-ئافرەتی دووگیان
-كەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵ
-ئەوانەی سیستەمی بەرگری لەشیان لاوازە بە هەر هۆكارێك بێت.
د. شاهۆ حەوێزی، چەند رێنماییەك دەخاتەڕوو لەماتی خۆڵبارین و دەڵێت” پێویستە لەكاتی خۆڵبارین پێویستە ئەم رێنماییانە بەرچاوبگرن و لەم حاڵەتەدا ئاگادار بن كە چی بكەن.
- چاودێری كاتی هاتنی خۆڵبارین بكە لەڕێی ماڵپەڕە جیهانیەكانی كەش و هەوا.
-دوور بكەوە لە شوێنی خۆڵبارین بەپێی توانا. - بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە، بەڵام ئەگەر بۆ كاری پێویست لە دەرەوە بوویت هەوڵبدە دەمامك بەكاربهێنی.
-بە هیچ شێوەیەك وەرزش و كاری قورس لە دەرەوە ئەنجام نەدەن لەو كاتانە دا. - دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەوە دابخەن.
- ئەو دەرمانانەی كە پزیشكەكەت بۆی داناوی بۆ نەخۆشییەكەت بە تەواوی بەكاربهێنە.
-لەكاتی مانەوەی نیشانەكانی قوڕگ یان هەناسە و قورس بوونی نیشانەكان بەزووترین كات سەردانی نزیكترین نەخۆشخانە بكە.