شەهلا رەشید- سۆران
عەبدولسەلام محەمەد، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هندرێن، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هەرچەندە هیچ شتێك بێ كەموكۆڕی نابێت، بەڵام لە بنكەكەمان تا راددەیەكی باش دهرمان بەردەستە، بۆ نموونە ئەگەر یەك لە نەخۆشە درێژخایەنەكان 5 جۆر دەرمانی پێویست بێت، بەلایەنی كەم چوارمان بەر دەستن، دەرمانی دیكەش بەگشتی بەهەمانشێوە”.
گووتیشی” ئەو كەسانەی كە كارتی نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە، ماوەی ئەم كارتە یەك ساڵە و دواتر دەبێ نوێ بكرێتەوە، چونكە بەبێ نوێكردنەوە دەرمان وەرناگرێت، بەڵام جاری وا هەیە كەسێك پێشمەرگەیە یان دەوامێكی قورسی هەیە و ناتوانێت لەكاتی خۆی نوێ بكاتەوە ئەو كات هاوكاری دەبین.
لای خۆیەوە زیاد حەسەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بۆ كاروباری كارمەندان، بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا: ” لەو ماوەیەی كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران كراوەتەوە، هیچ دەرمانێكمان بۆمان نەهاتووە، ئەو دەرمانانەی بە نەخۆش دەدرێت ئەوانەن كە پێشتر لە كۆگاكان هەبوونە، لەلەكاتێكدا دوای كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەبێ دەرمانەكان راستەوخۆ لای ئێمە دابین بكرێن”.
دەشڵێت ” بۆ ئەو مەبەستە داواكاریمان بەرزكردووەتەوەو رەزامەندیش دراوە كە خۆمان دەرمان دابین بكەین بۆ نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكانی سنوورەكەمان، تەنها بوددجەی پێویست ماوە بۆمان دابین بكەن، هەروەها بۆ دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكانیش لیژنە و لیستمان هەیە بەپێی رێژەی نەخۆش دابین دەكرێن”.