ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە، لەكۆتایی ئەم ھەفتەوە رۆژی پێنجشەمە لەئەنجامی چالاكبوونی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی لەسەر نیمچە دوورگەی عەرەبی بارستە ھەوایەكی شێدار و گەرم ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ناوبراو روونیكردۆتەوە، بەرزترین پلەی گەرمی لەناوچەكانی گەرمیان لەنێوان ٤٠ بۆ ٤٢ پلە، سەنتەری پارێزگاكانی كەركوك و ھەولێر لەنێوان ٣٨ بۆ ٤٠ پلە، سلێمانی ھەڵەبجە و دھۆك لەنێوان ٣٤ بۆ ٣٦ بەرز دەبێتەوە، بەھۆی ھاتنی شێیەكی زۆر لەگەڵ ئەم گەرمایەدا ئاسمانی ناوچەكان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور بەتایبەت رۆژی ھەینی ١٩-٥ ئەگەر ھەیە ھەورە بروسكە و نمە باران لەناوچەی جیاجیادا چالاك ببێت.
ئاراس جەبار، ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەرای ئەوەی لە كۆتایەكانی وەرزی بەھار نزیك دەبنەوە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە كاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆ گەرمیە پێشبینی دەكرێت چالاكتر ببێت بەھۆی ھاتنی شێی زیاتریش لە نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە ئەگەر ھەیە كەشوھەوای ناوچەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان ناسەقامگیر ببێت لەناوچە جیاجیاكاندا ھەورە بروسكەی بەھێز چالاك ببێت لەگەڵ تاوە باران و زیادبوونی خێرای با كە لەھەندێ ناوچەدا بەدیاری نەكراوی لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا ئەگەری ئەوە ئەبێت كە بارانی بەخوڕ و زۆریش ببارێت.