بە مەبەستی ئاسانكاری زیاتر بۆ كۆمپانیا یۆنانی و هەرێمی كوردستان تا هەر دوو لا دەست بە بازرگانی و وەبەرهێنان بكەن ، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و کونسوڵی بازرگانی یۆنان لە هەولێر کۆبوونەوە.
بڵند محەمەد مەولود، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەگەڵ کونسوڵی بازرگانی یۆنان لە هەولێر کۆبووەوە و بە مەبەستی هەماهەنگی لە نیوان هەردوولا بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتی تایبەت و دۆزینەوەی میکانزمیکی گونجاو لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و یۆنان بۆ پێشخستنی کاری بازرگانی و رەخساندنی هەلی بەیەک گەیاندنی کۆمپانیاکان و کارە بازرگانیەکان لە نێوان هەردوولا.
دوای گفتوگۆی هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
1- پێدانی زانیاری و پشتراستکردنەوەی بەڵگەنامەکانی کۆمپانیاکان لە نێوان هەردوولا لەریگەی ئیمەیل یان سەردانی راستەوخۆ، بەمەبەستی خێرا راپەراندنی گرێبەستە بازرگانیەکانی کۆمپانیاکان.
2- وەرگرتنی لیستی و کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و پێدانی زانیاری لەسەر کۆمپانیا هاوشێوەکانیان لە کوردستان بە مەبەستی کاری هاوبەشی بازرگانی وبە پێچەوانەشەوە.
3- ئاسانکاری بۆ کردنەوەی لقی کۆمپانیانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان یان دامەزراندنی کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان.
4- ئاسانکاری بۆ بریکارە بازرگانیەکان بۆ براندی کارگە و کۆمپانیاکانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان و خێر راپەراندنی رێکارەکانی پێدانی مۆلەتی بریکارە بازرگانیەکان.