مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كاتژمێر 8 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 14 ی ئایاری 2023، پرۆسەی هەڵبژاردن لە باكووری كوردستان و توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكۆماری نوێ و ئەندامانی خولی 28 ەمینی پەرلەمان دەستی پێكرد.
به گشتى 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 كەس لە باكووری كوردستان و توركیا مافی دەنگدانیان هەیە، 30 ملیۆن و 710 هەزار و 790 كەسیان ژنن كە دەكاتە 50.60%ی دەنگدەران و 29 ملیۆن و 987 هەزار و 790 كەسەكەی دیكەیان لە رەگەزی نێرن كە دەكاتە 49.40%ی دەنگدەران. ئەوانەی یەكەمجارە دەنگدەدەن 4 ملیۆن و 904 هەزار و 672 كەسن و ئەوانەش لە زیندانەكاندان و مافی دەنگدانیان هەیە 53 هەزار و 172 كەسن. لە باكووری كوردستان و توركیادا 191 هەزار و 884 سندوق دانراون و 421 سندوقی گەڕۆكیش هەن.
36 پارتی سیاسی مافی بەشداریكردنیان هەیە و 24 پارت لیستی بەربژێریان هەیە و 12 پارتەكەی تریش لە نێو هاوپەیمانیدا ركابەری یەكتر دەكەن بۆ مسۆگەر كردنی زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمانی توركیا كە 600 كورسییە .
هاوكات سێ كاندید كێبڕكی گەیشتن بە سەرۆكایەتیی توركیا دەكەن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانیی جمهوور و كەمال كڵچدار ئۆغلۆ بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت و سینان ئۆغان لە هاوپەیمانیی ئاتا، كێبڕكێی گەیشتن بە سەرۆكایەتیی توركیا دەكەن.
پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە بە پارتی كوردی دەهێتە ناسین، لەم هەڵبژاردنەدا بە ناوی سەرۆكایەتیی پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بەشداری لە هەڵبژاردن كردووە.