شەهلا رەشید- سۆران:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رواندز، بۆ زاری كرمانجی، باسی گرنگییەكانی بەرەو پێشچوونی كەرتی تەندروستی دەكات و دەڵێت” پلانمان پێشوەچوونی كەرتی تەندروستییە لە هەموو روویەكەوە، چونكە ئەمە پەیوەستە بە ژیانی هەموو تاكێك، راستە یەك نەخۆشخانەمان هەیە لە رواندز، بەڵام ئەمە بۆ گوندەكانی دەورووبەری گرفتی دروست نەكردووە، كە نزیكەی 40 گوندن و 13 بنكەی تەندروستی هەن، ئەمەش وای كردووە هەر چوار گوندێك سوود لە بنكەیەكی تەندروستی وەربگرن.
لەبەردەوامی قسەكانیدا سەپان قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رواندز، گووتیشی: ” نەخۆشخانەی 50 قەرەوێلەیی بەهۆی قەیرانی دارایی راگیراوە، هەروەها لە رێگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران و بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران بەردەوام دەبێت، بەڵام هێشتا بوددجەی بۆ دابین نەكراوە، ئەگەر ئەم نەخۆشخانە 50 قەرەوێلەی دروست بكرێت ئەوا كێشەمان نامێنێت لەرووی بەرفراوانی نەخۆشخانە لە رواندز، هەروەها لە چەند ساڵی رابردوو خاوەنی هەوارگەی شنگلبانە لە بەرنامەدا بوو نەخۆشخانەیەك لە قەزای رواندز نزیك كانی، نەورۆز و شۆڕش لەسەر ئەركی خۆی دروست بكات، بە هەموو كەل و پەلەكانییەوە، دواتر رادەستی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی بكات، ئەو كات شارەوانی زەویشی بۆ تەرخان كرد، بەڵام راگیرا چونكە دەیویست ساڵانە بە داهاتی شنگلبانە دروستی بكات، بەڵام تا ئێستاش رەتی نەكردووەتەوە، تەنها دەبێ بوددجەیەكی زۆری هەبێت بۆ دروستكردنی.
دەشڵێت :” هەموو هەوڵێكمان خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی كەرتی تەندروستی، لە ئێستاشدا چوار پزیشكی پسیۆڕمان هەن لە نەخۆشخانەی رواندز لەوانەش پزیشكەكانی ئێسك، ئافرەتان و پێست، لە هەوڵی دابین كردنی پزیشكی زیاترین لە سەرجەم پسپۆڕییەكاندا.