سەردار قازی – ڕواندز:
ماوەیەک پێش ئێستا دەزگای زاری کرمانجی، لەلایەن هاووڵاتییەک ئاگادارکرایەوە، بەوەی لە نزیک گوندی کەڕەک لە سنووری قەزای ڕواندز، کۆمپانیایەک هەستاوە بە لێدانی چاڵێک دوور لە ئاوەدانی بەبێ بوونی مۆڵەت، مەوادی لە زەوییەک دەرهێناوە و فرۆشتوویەتی.
ڕۆژی 12 ی نیسانی 2023، زاری کرمانجی بەشێوەیەکی پیشەییانە و دوور لە سەرپێچی کردن لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کرد، دەرەنجام قایمقامیەتی قەزای ڕواندز، شارەوانی ڕواندز و کشتوکاڵی ڕواندز، بێئاگایی خۆیان لێی دووپات کردەوە، بە هەنگاوێکی نایاسایی وەسفیان کرد.
لە ئێستادا هاووڵاتی عیسا محەممەد، کە خۆی بە خاوەنی ئەو موڵکە داوەتە ناسین، کۆمەڵێک بەڵگەی بۆ زاری کرمانجی ناردوون، کە مێژووەکەیان بۆ 10 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دڵنیایی دەدات کە خۆی خاوەنی موڵکەکەیە و مۆڵەتی فەرمی هەیە بۆ دەرهێنانی مەوادی کانزایی لەو زەوییە.
لە بەڵگانەی عیسا بۆ زاری کرمانجی ناردوون دەردەکەوێت، کە لە 3 ی 12 ی 2013 لەلایە پارێزگای هەولێر ەوە، ڕێگەی پێدراوە بۆ ئەوەی مەوادی کانزایی لەو زەوییە دەربهێنێت.


