پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و كەشناسێكیش رایدەگەیەنێت “بڕی بارانبارینەكە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاواز دەبێت و لە هەندێك ناوچە دەگاتە یەك ملیم”.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاندووە “لە حاڵەتە ناجێگیرەكەی كۆتایی ئەم ھەفتەیە ٢١ و ٢٢ی مانگ كە دەبێتە ھۆی چالاكبوونی ھەورە بروسكە و بارانی كەم و ھەرەمەكی لە ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان و چالاكبوونی خێرایی بای باشور لە زۆربەی ناوچەكانی عێراقدا، ئەمەش دەبێتە ھۆی ھاتنی شەپۆلێكی خۆڵبارینیش بۆ ناوچەكانمان بە رێژە و كاریگەری جیاواز و لەناوچەیەك تا ناوچەیەكی دیكە چڕی تۆز و خۆڵەكە دەگۆرێت.”
ناوبراو دەڵێت “ئەم حاڵەتە یەكەم بارانبارینی پایزی ئەمساڵ دەبێت كە بەھۆی چالاكبوونی ناوچەیەكی پەستان نزمەوەیە لەسەر ناوچەكانی نێوان باكوری سعودیە و دەریای ناوەراست كە بەھۆیەوە بڕێك شێ لە باشوری نیمچە دورگەی عەرەبیەوە لە ئاستە بەرزەكانی ھەوادا دەگوازێتەوە بۆ ئاسمانی ناوچەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان”.
ئاراس جەبار وتویەتی “لەم ئاستەدا بارستە ھەوایەكی سارد و گونجاو ھەیە بۆ چربوونەوەی ئەم شێ كەمە و دەبێتە ھۆی بارانبارینی كەم لەھەندێ ناوچەدا و ناجێگیربوونی كەشوھەواو ڕوودانی ھەورە بروسكە لەھەندێ كاتدا، بۆیە لە ھەموو ناوچەیەكدا ئەگەری بارانبارین نابێت و دیاریكراویش نابێت، بۆی ھەیە لە چەند شوێنێك بە نەزانراوی بڕەكەی زیاتر بێت و تا زیاتر لە ١ ملیمەتر باران ببارێت.”