بەرپڕسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەداخەوە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی باش نەبوون، بەڵام کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لە نێوان پارتی و یەکێتی و دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن.
هۆشیار سیوەیلی رایگەیاند” ئەو کۆبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەبێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەری هەموو کێشە هەڵپەسێرداوەکان و دەبێت چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە”.
گوتیشی ” سەرۆکی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنی دەستنیشان کردووە و جارێک هەڵبژاردن دوا خراوە، ئەوکاتیش پاساوی دواخستن لاواز بوو، بەڵام ئەم جارە هیچ پاساوێک نەماوە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن”.
سێوەیلی جاریکی دیکە جەختی لە هەڵوێستی پارتی کردووە کە پارتی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و سەرۆک بارزانی لەگەڵ چەندین شانددا سووربوونی پارتیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیار کردووە و ئەم نزیکبوونەوەیەی پارتی و یەکێتی باشە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بکەن و کۆمسیونی هەڵبژاردن کارا بکەنەوە و کوسپ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نەمێنێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.
دەربارەی کۆتای پیکهاتەکان سێوەیلی گوتی”ڕایی پارتی وایە دەبێت پیکهاتەکان خۆیان بڕیاڕ بدەن لەسەر شێوازی هەڵبژاردن، پێکهاتەکان چۆن و بە چ شێوازیک بیانەوێت پارتی لەگەڵیانە و ڕێز لە بڕیاڕەکانیان دەگرێت و بە شاندی یۆنامیشی ڕاگەیاندووە”.