مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جۆرێك دەڵێن پشووی هاوین واتا پەروەردە و فێربوون و رۆشنبیربوون و زمانزانی، جۆرێكی تر دەڵێن پشووی هاوین واتە پشوو، ئیدی هەرچی پێت خۆشە دەتوانی بیكەیت جگە لە خوێندن و فێربوون، هەندێكیان پێیان وایە پشووی هاوین باشترین دەرفەتە بۆ فێربوونی زمانێك و خوێندنەوەی چەند پەرتووكێك، هەندێكی تریشیان پێان وایە پشووی هاوین واتە وەرزی كاركردن .
لەم راپۆرتە زاری كرمانجی زۆرترین گەنجی لە رێگەی پرسیارێك “پشووی هاوینت چۆن بەڕێكرد “دواندووە
وەرزی كاركردن
زۆرێك لە گەنجان، بە تایبەت خوێندكاران پشووی هاوین بە دەرفەت دەزانن بۆ كاركردن لە پێناو پاشكەوتكردنی بڕێك پارە بۆ خەرجی خوێندەكەیان، بۆیە لەگەڵ داخستنی دەرگای قوتابخانەو كۆتای هاتنی ساڵی خوێندن، بەشێكی زۆر لە قوتابیان و خوێندكاران جل و بەرگی كرێكاری لە بەر دەكەن و بە دریژایی پشووی هاوین خەریكی كاركردن دەبن.
سەركار حەمەدەمین خوێندكاری پۆلی دەیەمی ئامادەییە، زیاتر لە سێ ساڵ دەبێ هەروەكو خۆی باسی دەكات لە پشووی هاوین و لەگەڵ داخستنی قوتابخانە، جلوبەرگی كرێكاری لەبەر دەكات و خەریكی كار كردن دەبێت، ئەو دەڵێ :”پشووی هاوین دەرفەتێكی باشە بۆ ئێمەی گەنج تا كار بكەین و بڕە پارەیەك بۆ خۆمان پاشكەوت بكەین”، سەركار كاركردنەكەی بە هاوكاریكردنی باوكی دەزانێ و دەڵێ:” لە ماڵەوە چوار كەسمان قوتابین، كاتێ پشووی هاوین كۆتایی دەهێت و پرۆسەی خوێندن دەست پێ دەكاتەوە، باوكم خەمی دابینكردنی پێداویستییەكانی قوتابخانەیە بۆمان، بە تایبەت جلوبەرگ و جانتا بۆ هەردوو برا بچووكەكەم، لەو كاتە هەستێكی زۆر ناخۆشم دەبێت كاتێ دەبینم بارگرانییەكی زۆر لەسەر شانی باوكمە، بۆیە هاوینان كار دەكەم و خەرجی پیداویستیەكانم دابین دەكەم و هەندێ جار بەشی یەكێك لە براكانیشم دەكات، ئەو سێ ساڵە زۆر ئاسوودەم كە بە ماندوویەتی و ئارەقەی نیو چاوانی خۆم، پێداویستیەكانم دەكڕم و هاوكاری باوكی خۆم دەكەم و بەشێك لە دابینكردنی پێداویستیەكانم لە كۆڵ كردووتەوە”.
رەهێل ئیسماعیل قوتابی پۆلی هەشت، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی لەیەكێك لەكۆڵانەكانی گەڕەكێكی شاری سۆران خەریكی كێشانەوەی بلووك بوون بۆ سەر بانی خانوویەكی دوو نەهۆمی، ئەو دەیگووت” مسروفاتی خوێندن زۆرە، بۆیە ناچارین لەم وەرزە كار بكەین، تاكو هەندێك پارە دەست بخەین و لەكاتی دەستپێكردنەوەی خوێندن بیرمان تەنها لای خوێندن بێت و ئەو بارە قوڕسەی لەسەر شانمانە سووكی بكەین و بیرمان بۆ لای جلوبەرگ و كەل و پەلی خوێندن نەچێ كە چۆن چۆنی دابینی بكەین”.
كازم قادر ئەویش قوتابی پۆلی دەیەمی ئامادەییە و برادەری سەركارە و زۆربەی كات پێكەوە دەچنە سەر كار، ئەو لەنێو خۆڵ و خاشاكی هەڵوەشاندنەوەی بینایەكە ون ببوو، جلوبەرگەكانی رەنگە راستەقینەكەی خۆیان لەدەستدا بوو، و رەنگێكی مەیلە و خۆڵاوییان گرتبوو، ئەو جار جارە كڵاو عەسیرییەكەی سەری دەهێنایە خوارێ و قژە درێژەكەی بەدەستەكانی خاوین دەكردەوە لە پاشماوەی ئەو خۆڵەی بەسەرییەوە نیشتبوو، ئەو دەڵێ”ئەمەیە وەزعی قوتابی با هەموو خەڵك بزانێ، ئەگەر ئەو كارە نەكەین دەبێ لەكاتی خوێندندا چاومان لەدەستی ماڵەوەو حكومەت بێت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانمان”، بەشێك لە قوتابیان لەپشووی هاویندا بەشداری دەكەن لە خولە جۆر بە جۆرەكانی رۆشنبیری و پەروەردە و فێركردن، بۆ ئەم مەبەستە كازم دەڵێ”ئێمەش حەزمان دەكرد ئێستا لە خولێكی فێربوونی كۆمپیۆتەر یان زمان بەشداریمان كردبوایە، بەڵام لەكاتی دەسپێكردنەوەی خوێندن و كرانەوەی قوتابخانەكان، ئەو جۆرە خولانە بە هانای ئێمەوە نایەت جگە لە پارە”.
زۆر لە قوتابیانی كاركەر، داواكار بوون لە حكومەتی كوردستان كەوا كاری زیاتر بكاتن لەپێناو دەستەبەركردنی پێداویستیەكانی خوێندن و بەهاناوە هاتنی قوتابیان و رزگار كردنییان لە كاركردنی هاوینە.
یەكێك لە توێژەری كۆمەڵایەتی لە واڵەكەی خۆی لە فەیسبووك نوسیوویەتی :” زۆر لەو قوتابیانەی كار دەكەن، روخساری خۆیان دادەپۆشن و حەز بەوە ناكەن كەس بیاناسێت، ئەمەش كاریگەری دەروونی دەخاتە سەر قوتابیەكە و لەداهاتوودا رەنگدانەوەی بۆ سەر خودی قوتابیەكەو خوێندنەكەشی دەبێت”، توێژەرەكە خێزان بە پاڵنەرێك دەبێنێت لە بەرامبەر كاركردنی قوتابیان، بەتایبەت ئەوانەی لە تەمەنی بچووك دانە و دەڵێ”كاركردنی قوتابیان لە پشووی هاویندا، زیاتر لەژێر پاڵەپەستۆی خێزانەكەیانەوەیە، ئەوەش لەئەنجامی نەبوونی هۆشیارییە لای خێزانەكان، چونكە هەر خێزانەكانن داوا لە رۆڵەكانییان دەكەن كار بكەن، ئەوان كاتێَ پشوو وەردگرن بۆ ئەوەیە فێری شتی زیاتر ببێت، بەداخەوە زۆر لەدایك و باوكان شانازی بەو كوڕانەیان دەكەن كە لەو كاتەدا خەریكی كاركردن دەبێت، بۆیە هەر زوو پێدەڵێن كوڕكەمان كاسب بووە، ئەو جۆرە خێزانانە ئەوەندە حەز ناكەن كوڕە قوتابییەكانیان لەخولێكدا بەشداری بكاتن و كۆمپیۆتەر فێر ببێت وەیان شارەزایی لەزمانێكدا پەیدا بكاتن”.
مامۆستایەكی قۆناغی ئامادەیی كە حەزی نەكرد ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، دەڵێ”ئەو رۆژە دوو لەقوتابییەكانم بینی خەریكی كاركردن بوون بەو رۆژە گەرمە، زۆر پێم ناخۆش بوو، ئێوارەكە بە باوكی یەكێك لەقوتابیەكانم گووت كە چیتر كوڕەكەی نەنێرێت بۆ كاركردن، كەچی وەڵامی باوكەكە ئەوەبوو وتی (مامۆستا لێگەڕێ با فێری ئیشكردن بن، خۆ ناكرێ هەر تۆڕی تۆڕی لە كۆڵانان بسوڕێنەوە)، جا ئەوە هەستی باوكێك بێت بەرامبەر منداڵەكەی، ئەی دەبێ هەستی منداڵەكە چۆن بێت بەرامبەر باوكی ؟”،
ئەو مامۆستایە داواكارە لە وەزارەتی پەروەردە، كە ساڵانە لە وەرزی هاوین و پشووی قوتابخانەكاندا، هەڵسێ بەئەنجامدانی خولی هەمەجۆر لە گشت شار و شارۆچكەكانی كوردستان و هەروەها ئەوەش دەڵێ”لەلایەن حكومەتەوە یاسایەك دەربچێت كەوا رێگری بكرێت لە كاركردنی ئەو قوتابیانەی كە بە تەمەن منداڵان و بە زۆری لەلایەن خێزانەكانییانەوە كارییان پێدەكرێت”.
وەرزشكردن
سەمەد عادل شانازی بەوە دەكات كە بە درێژایی پشووی هاوین لە هۆڵی لەشجوانی بووە و سینگ و دەفە و ماسولكەكانی قۆڵ و رانی گەشەییان كردووە و سەرشانی بەرز بوونەتەوە، ئەو دەڵێ :” سوودێكی زۆرم لەو پشووە بینی، یەكێك لە ئاواتەكانی منداڵێم هێنایەدی كە لەش جوانی بوو، لە خوا بە زیاد بێت، ئێستا لەشێكی پڕ و جوانم هەیە و ماسولكەكانم بە تەواوی گەشەییان كردووەو خەریكە دەبمە پاڵەوان”،
سەمەد باس لەوەش دەكات پێشتر بەردەوام لە كافتریا بووە، بەڵام لە ئێستا بە هۆی وەرزشی لەش جوانی تا رادەیەكی باش لە كافتریا و نێرگەلەكێشان دوور كەوتووتەوە:” یەكێكی تر لە لایەنە باشەكانی وەرزش ئەوە بوو دووری خستمەوە لە كافتریا و نێرگەلەكێشان، زۆر برادەر پێیان دەگووتم كە هەرگیز ناتوانم لە كافتریا و نێرگەلە دوور بكەومەوە، ئەوەتا ئێستا دوور كەوتومەتەوەو بەسەر نەفسی خۆم زاڵبووم و تەندورستیشم زۆر لە جاران باشترە”.
شاڵاو حەسەن یش زۆربەی ئێوارانی پشووی هاوینەی بە مەشقی تۆپی پێی و یاریكردنەوە بەسەر بردووە، ئەو دەڵێ :” زۆربەی ئێوارانم لە یاریگا بەسەر برد، هەم بە یاریكردن و هەمیش مەشقكردن، تەنیا ئامانجیشم زیاتر خۆ بەهێز كردن بوو لە رووی جەستەو تەكنیك و شێوازی شووت لێدان، ئێستا دەتوانم بڵێم سەت لە سەت جیاوازم لەگەڵ چوار مانگ بەر لە ئێستا”،
شاڵاو پێی وایە هەر كەسەو دەتوانێ لە رێگایەكەوە خزمەت بە شار و نیشتمان و نەتەوەكەی خۆی بكات و دەڵێ:” من هەست دەكەم تەنیا لە تۆپی پێ دا سەركەوتووم، بۆیە بایەخی زیاترم پێی داوە، ئەوەتا لە جیهان بە هەزاران یاریزان هەیە تۆپی پێ ئەوەی گەیاندووە بە لووتكەی خۆشگوزەرانی و ناوی وڵات و نیشتمانی خۆی بە بەرزی هێشتوتەوە و توانیوویەتی كاری خێرخوازیش بكات و خزمەتی نەتەوەكەشی بكات، منیش ئەو ئامانجم هەیە و كاری بۆ دەكەم “.
كافتریا
قارەمان ناوی خواستراوی ئەو گەنجەیە كە نەیوویست ناوی ئاشكرا بكرێ، ئەو زۆربەی رۆژەكانی لە كافتریا بەسەربردووە و بە پێكەنینەوە دەڵێ:” حەز دەكەم شەویش لێرە بخەوم”، دەییان گەنجی تری هاوشێوەی قارەمان هەیە، نیوەی تەمەنی خۆیان لە كافتریاكان بەسەربردووە و بەهاناشیان نەبوونی كار و شوێنی تایبەت بە گەنجان و پەراوێز خستنیانە لەلایەن كۆمەڵگە و حكومەتەوە، قارەمان دەڵێ :” كاتێ هیچ كار نەبوو، یا شوێنێكی باشتر لێرە بۆ گەنج نەبوو، ئێ هەر دەبێ بینە ئێرە”.
زریان لەگەڵ قارەمان لەسەر یەك مێز دانیشتووە و نێرگەلەیەكی لە پێش خۆی داناوە و جاروبار بە دوكەڵە سپییەكەی نێو دەمی، بازنەی بچووك بچووكی پێ دروست دەكات و بە قارەمانی هاوڕی دەڵێ :”بڕۆ تایتانیك رۆێشت”، وەڵامی ئەو بۆ پرسیارەكەی ئێمە تەنیا ئەوە بوو كە وتی :”توخوا زۆر خراپ لەسەر كافتریا مەنووسن با لێمان دانەخرێت”.
شاخەوانی
بەشێكی زۆری گەنجان بونەتە ئەندامی گروپەكانی شاخەوانیی و رۆژانی هەینی بە كۆمەڵ بەرنامەی چوونە شاخیان هەیە، جەبار ئەندامی یەكێك لە گروپەكانی شاخەوانییە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەو دەڵێ:”پشووی هاوینمان بە چوونە شاخ و دەشت و كێوە بەرزەكانی دەڤەرەكە بەسەربرد، كۆمەڵێك بیرەوەری زۆر خۆشمان تۆمار كرد و بەردەوامیش دەبین لە گەشتەكانمان”.
هاوكار ئەویش پشووی هاوینی بە شاخەوانی و راوە ماسیی بەسەربردووە بەڵام بە تەنیا و دوور لە گروپەكانی شاخەوانی، ئەو دەڵێ:” زۆرجار پێویستە مرۆڤ بە تەنیا گەشت بكات و تەنیا لەگەڵ خودی خۆی گفتوگۆ بكات و خۆشی وەربگرێت، ئەمە باشترین هۆكارە بۆ ئاسوودە بوونی دەروون و باوەڕبەخۆبوون و گەشبینی لە هەمبەر ژیان و سروشت و ژینگە”.
خوێندنەوەی پەرتووك
بەختیار و وشیار و سەمیع سێ هاوڕێ یەكترن و بۆ پشووی هاوین تەنیا كاریان خوێندنەوە و نووسین بووە، وشیار دەڵێ:” وەكو پێویست نەمتوانی ئەو چەند پەرتووكەی دامنابوو بۆ خوێندنەوە، هەر هەموویان بخوێنمەوە، بەڵام ئیدی كاتێكی خۆشمان لەگەڵا پەرتووك و چیرۆكەكان بردە سەر و لە گەڵ هەردوو هاوڕێیەكەم گەنگەشەی باشمان لەسەر پەرتووكەكان كرد و شتێ باش و بەسوود فێربووین، ئەوە گرنگترین و پیرۆزترین شت بوو لام”.
بەختیار یش دەڵێ:” نزیكەی 9 پەرتووكی زۆر بەهێزم خوێندەوە، دوو لە پەرتووكەكان ئی نووسەری گەورەی كورد بەختیار عەلی بوون، هەست دەكەم ئێستا زۆر جیاوازترم لەگەڵ بەختیارەكەی پێشوو”.
زمان
تەواوی ئەوانەی لەو راپۆرتە قسەیان كردووە و لەگەڵ ئەوانەی وەك راپرسیی سوودمان لێ بینین، هیچ كامیان كاریان لە سەر فێربوونی زمانێكی بیانی نەكردووە، هەروەها بەشداریی هیچ خولێكی پەروەردەیی و فێربوون و تواناسازی و زمانەوانیان نەكردووە، هۆكارەكەشی هەروەكو خۆیان باسی دەكەن:”زۆربەی خولەكان بوونەتە پارە و كەس بیری لای خزمەتككردن نەماوە”.