موڕشید برادۆستی- سۆران:
خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی سۆران، داوای دامەزراندن لە حکوومەت و وەزارەتی تەندروستی دەکەن.
خۆبەخشان کە هاوشێوەی پەرستیارانی فەرمی و کارمەندانی بەشە جیا جیاکانی بنکە و نەخۆشخانەکان، بۆشایەکی زۆری میلاکیان پڕکردۆتەوە و کارئاسانییان دروست کردووە، بۆ زاری کرمانجی دەڵێن:” ئێمە وەکو خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، داوای بەدەمەوەهاتنی داواکاریەکانمان لە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی و ئیدارەی سۆران و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، بەرپرسانی حکومی و حیزبی و خەمخۆرانی سنورەکەمان دەکەین، داوای دامەزراندن دەکەین.
ئەماژەش بەوەدەدەن، سەرەڕای بوونی چەندین کێشەو تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و و ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و چەندان نەخۆشی دیکە، ئێمە بەردەوامیمان هەبووە لە ئەرکەکەماندا و درێغیمان نەکردووە و بەخۆبەخشی چەند ساڵێکە لە کەرتی تەندروسی کاردەکەین.
دووپات لەوەدەکەنەوە، وەک هەر کەرتێکی دیکە، بە مافی خۆمان دەزانین دابمەزرێین، سەرەڕای بەرگەگرتنی گشت کۆسپ و تەگەرێک، لەئێستادا نوێنەرمان هەیە لە هەموو نەخۆشخانە گشتی بنکەکانی ناوچەکە و بەگشت قەزاو ناحیەکانی سنورەکە، لە ماوەی ڕابردوو نوێنەرەکانمان لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران کۆبۆتەوە، بە ئومێدەوە چاوەڕوانین بۆ جێبەجێکردنی داواکەمان و بەو هیوایەی دەرگای دامەزراندنمان بۆ بکرێتەوە”.