زاری کرمانجی – سۆران:
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بانی ئاڵانەی دەشتی هێرتی سەر بە قەزای سیدەکان، لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا، کێشە لە نێوان دوو گەنج دروست دەبێت و یەکێک بە دەمانچە تەقە لە ئەوی تر دەکات و برینداری دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بۆ زاری کرمانجی پشت ڕاستی هەواڵەکەی کردەوە و ڕایگەیاند:” نزیک کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ئاهەنگی بووک گواستنەوەدا، لەسەر سەرچۆپی هەڵپەڕکێیەکە، دەمەقاڵی لە نێوان دوو کەس دروست دەبێت و گەنجێک کە کەس و کاری زاواکەیە و خەڵکی سیدەکانە، تەقە لەیەکێکی دیکە دەکات و بە گولە برینداری دەکات.
ئەو سەرچاوەیە، گووتیشی:” ئەو هاووڵاتییە بە گوولە بریندار کرا، خەڵکی سۆرانه و گەیێنداریە بنکەی تەندروستی سیدەکان، گوولەیەک بەر سکی کەوتووە، بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی فریاکەوتنی سۆران کرا.