سالار تەحسین سەیدۆ دری
بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران
یەكێك لە پڕۆژە و ھەنگاوە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسرور بارزانی، گرنگیدانە بە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان، لەم سۆنگەیەوە كردنەوەی دەروازەی “زێت”ی نێودەوڵەتی لە نێوان دەڤەرداری شەمزینانی توركیای دراوسێ و سنووری مێرگەسۆر لە ھەرێمی كوردستان، كە بە ھەوڵ و كۆششی سەرۆكی حكوومەت و مەلا مستەفا بارزانی و نووسینگەی بەڕێزیان، ھەروەھا شەونخۆنی غەفور ئەحمەد ماڵەسواری پێشمەرگە ئاسا و قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بووە، سوپاس بۆ خوا دەروازەكە تەواو بووە، رۆژی ٢٠٢٣/٥/١٠ بە فەرمی كرایەوە.
كردنەوەی ئەم دەروازەیە كارێكی گەورە و گرنگییەكی كەلتووری و فەرھەنگی ھەیە و دەرخەری ئەوەیە كە پەیوەندییەكی باشی ڕۆحی و كۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵكی توركیا و ھەرێمی كوردستاندا بووە و هەیە، ئەمەیان هەم بۆ ئێستا و ھەمیش بۆ ئاییندەی ھەردوو وڵات و بە تایبەتی بۆ دەڤەری بارزان و دەڤەرداری شەمزینانی باكووری كوردستان پەیامێكی زۆر بایەخدار، مانادار و پڕ بەھای هەیە، هەروەها بایەخ و گرینگییەكەی لە ڕادەبەدەری ستراتیژی، سیاسی، كەلتووری، ئابووری، بازرگانی و كۆمەڵایەتی ھەیە بۆ ھەردوو وڵاتەكە، بەتایبەتی كە بە ناوچەیەكی گرنگی وەكوو دەڤەری مێرگەسۆر و ناحیەی شێروان مەزن دا تێدەپەڕێت و سەرچاوەیەكی بایەخدارە بۆ فەراهەمكردنی سەدان هەڵی كار و دامەزراندنی كارمەند و فەرمانبەر و لایەنی بازرگانی جۆراوجۆر، كە خەڵكی دەڤەرەكە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تایبەت و كوردستان بە گشتی لێی سوودمەند دەبن.
كردنەوەی ھەر دەروازەیەك لە زۆر ڕووەوە گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە. كردنەوەی دەروازەی “زێت” ی نێودەوڵەتیش دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت لەڕووی ئابووری و دارایییەوە دەبێتە سەرچاوەكی داهات بۆ خەڵكی ئەو ناوچانەی كە نزیكن لە دەروازەكە و هەر یەكە و بەجۆرێك، چ لە گواستنەوە، یان دانانی دووكان و چێشتخانە و شوێنی پشوودان و دروستكردنی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و ژن و ژنخوازی و فەرھەنگی پێكەوە ژیان و زۆر لایەنی دیكە سوودمەند دەبن. هەروەها ئاسانكارییەكی زۆر باشیشە بۆ خەڵكی سنووری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شوێنەكانی دیكە كە دەیانەوێت گەشت بكەن بۆ توركیا بەمەبەستی گەشتوگوزار، یان چارەسەری نەخۆشی و بەشداریكردن لە بۆنە و پرسە كۆمەڵایەتییەكاندا.
هەڵبەت لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا بۆ لایەنی گەشتیاری و گواستنەوەی ھاووڵاتیان بەكاردێت، بەڵام بۆ ساڵانی ئاییندە مەزندە دەكرێت لە ڕووی بازرگانی و ترانزێتیشەوە سوودی ھەمە جۆری لێ ببینرێن، لایەنێكی دیكەی ئەرێنی، بە كردنەوەی ئەو دەروازەیە لودێكی زۆر لەسەر دەروازەكانی ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و سەرزێڕێ و …ھتد كەم دەكرێتەوە.
پێشنیازیش دەكەم میواندۆستی و مرۆڤدۆستی خەڵكی دەڤەری بارزان لە ڕێگەی ئەم دەروازەیەوە زیاتر پیشانی جیھانی دەرەوە بدرێت.
لە لایەكی دیكەوە، ھێزی لۆجیستی و مرۆیی ئەفسەر و كارمەندانی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران بەشدار بووە لە خزمەتكردن و گواستنەوەی ئەزموونی چەندین ساڵەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و، لەو ماوەیەدا لە خزمەت كاربەدەستانی دەروازەی زێت و خەڵكی ناوچەكە دەبین و پێشمەرگەئاسا ئامادەین بۆ ھەر جۆرە ھاوكارییەكی ھونەری و ئەزموونی دیجیتاڵی سیستەمی پاسپۆرت و…ھتد.
مەسرور بارزانی لە وتەیەكدا دەڵێت: ” پێویستە لە فەرمانگەكانی حكوومەت، بەڕێزەوە پێشوازیی لە هاووڵاتیان بكرێت، هەروەها بە باشترین و شایستەترین شێوە خزمەتیان بكرێت، چونكە خزمەتكردن و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتیان، ئامانجی سەرەكیی بەرپرسان و فەرمانبەرانی حكوومەتە.”
بەگشتی سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، كە پێویستە ھەموو كاتێك بە ئەتەكێتێكی سەردەمیانە و شارستانی و بە زمانێكی خۆش و شیرین پێشوازییەكی گەرم لە میوانان و گەشتیاران بكرێت و شكۆیان پارێزراو بێت، چونكە خەڵكی سنووری ئەم دەروازەیە لە دەڤەرداری شەمزینانی توركیا،، زۆربەیان بارزانین و لە عەشیرەتەكانی: ھەركی بنەجێ و گەردی و بەشێكی شێروانی و دوڵەمەری و…ھتد پێكهاتوون، كە كەوتوونەتە ئەودیو سنوور و پێشتر لەكاتی ڕاگواستن بە ناچاری و زۆرەمڵێ لەو دیو سنووری توركیادا نیشتەجێبوون.
بێگومان ئەم دەروازەیە ھەنگاوێكی ئەرێنییە بە ئاراستەی بووژانەوەی ئابووری هەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەوڵەتی توركیا، هەروەها سوودی ھەمەجۆر و پڕمفا بە هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی توركیا دەگەیەنێت.