پشتیوان كەریم- سیدەكان
ئیدارەی قەزای سیدەكان، شوێنی تایبەت بۆ گوندەكانی سنوورەكە دابین دەكات، بە مەبەستی فڕێدان و كۆكردنهوهی زبڵ و خاشاك، ژینگە پارێزانی ناوچەكەش بە هەنگاوێكی باش و گرنگی دەزانن، بۆ پاكڕاكردنی سروشتی ناوچەكە.
جابیر وەسمان، بەرپرسی راگەیاندنی رێكخراوی ژینگەی مێرگەمیر لە سنووری قەزای سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” ساڵی پار وەك رێكخراوی ژینگەی مێرگە میر سەردانی قائیمقامی قەزاكەمانكردو دوامانكرد كە چەند شوێنێكی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك لە سنوورەكە دروست بكرێت، هەوڵَەكانیان خستەگەڕ بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا لە سنووری دەشتەهێرت شوێنێك دیاریكراوە بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاك، هەوڵیش هەیە لە داهاتوو لە گەلی لێتان و دۆڵی زەرزێ و چەند شوێنێكی دیكە دابین بكرێن”.
ئەو ژینگە پارێزە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:” نەبوونی شوێنێك بۆ فرێدانی زبڵ و خاشاك گرفتی بۆ دانیشتووانی دایان گوندی سنووری قەزای سیدەكان دروست كردبوو، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین خەڵكی ناوچەكە چیتر شت بە پەرت و بڵاوی فڕێنەدەن و بیانگوازنەوە ئەم شوێنەی كە بۆ ئەم مەبەستە دروست كراوە، پەیامیشمان بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ئەوەیە، پەلە بكرێـت لە دروستكردنی كارگەی ریسایكلین و سەرجەم خاشاكی سنووری قەزاكانی سنوورەكە بگوازرێتەوە بۆ كارگە، ئەمەش لە چەندین رووەوە سوودی دەبێت.
لای خۆیەوە ئیحسان چەلەبی قائیمقامی قەزای سیدەكان، بەزاری كرمانجی راگەیاند: ” بەمەبەستی چارەسەر كردنی كێشەی زبڵ و خاشاكی 53 گوندی سەربە قەزاكەمان، شوێنێك لە سنووری دەشتی هێرت بە ڕووبەری زیاتر لە 600 مەتر دەست نیشان بكەین و دەستكرا بە رێكخستنی شوێنەكە، بۆ ئەوەی سەرجەم زبڵ و خاشاكی ئەم گوندانە بگوازرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك چیتر دانیشتووانی ئەم گوندانە گرفتی شوێنی فڕێدانی خاشكیان نەمێنێت و لە دەوروبەری گوندەكانیان بە پەرتوبڵاوی فڕێنەدرێت”.
گووتیشی :” پێشتریش لە سنووری ناحیەی بەرمیزە شوێنێكمان بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاك دیاریكرد بوو، هەروەها لە هەوڵیشداین لە سنووری گوندەكانی (دۆڵی زەرزێ- گەلی لێتان)یش شوێن دیاری بكەین تا تەواوی گوندەكانی سنوورەكە سوودی لێ بیینین، هەرشوێنێك، پاكپارێزانی كۆمپانیایی پاپا گروپ بتوانن بگەنە ناوچەكە شوێنیان بۆ دابین دەكەین بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك، ئامانج لەم كارەش پاك راگرتنی ژینگەو سروشتی قەزای سیدەكانە، پێویستە تەواوی هاووڵاتییانی گوندەكان زبڵ و خاشاكیان لەو شوێنانە فڕی بدەن كە دیاریكراوە.