زاری كرمانجی – سۆران:
هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سۆران داواكارن لە لایەنە پەیوەندیدارەكان خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بە گوندنشینەكان بكرێت و ئاوەدان بكرێنەوە، نیگەرانیشن لەوەی پەكەكە لە ناوچە سنووریەكان ئاستەنگ بووەو بەهۆی ئەوانەوە سەدان گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە.
بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەكانی زاری كرمانجی زیاتر لە 350 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاوەدانن، هەروەها زیاتر لە 200 گوند لەبەر پەكەكە چۆڵكراون و خەڵكەكەی ئاوارەی شار و شارۆچكەكانی سنوورەكە و ناوچەكانی دیكە بوونە، ئەو گوندانەی ئاوەدانن خەڵكەكەی داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان پڕۆژەی زیاتر وەك نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان و دروستكردنی قوتابخانەی ناوەندی و بنكەی تەندروستی لە گوندەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی هەم گوندەكان زیاتر ئاوەدان بن، هەمیش ئەو خەڵكەی رووی لە شارەكان كردووە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان”.
خەڵكی گوندە سنوورییەكان بەتایبەتی ئەوانەی تائێستا پەكەكە بەربەست بووە لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەیان، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، كارێك بكەن بۆ ئەوەی پەكەكە لە گوندەكانیان نەمێنێت و توركیاش بیانوو بۆردومانی نەمێنێت، چونكە ئەگەر پەكەكە نەما ئامادەن دێهاتەكانیان ئاوەدان بكەنەوەو پەرە بە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بدەن، ئەمەش هەم هەلی كار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت، هەمیش كاریگەر دەبێت لەسەر بووژانەوەی ئابووری ناوچەكە.