زاری كرمانجی-هەریر
د. نورجیهان عەلی شەعبان, بەڕێوەبەری تەندروستی شەقڵاوە, بە زاری كرمانجی گووت ” بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی تەندروستی لە سنووری قەزای شەقڵاوە سەنتەری پەرەسەندنی پەرستاری و مامانی کە سەنتەرێکی نێودەوڵەتی و لەلایەن کۆمەڵێک سەرمایەداری ئەمریکیەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەمەبەستی نەهێشتنی کەم و کوڕی لەبەشی لەدایکبوونی نەخۆشخانەی هەریر، چەند ئامێرێکی پێشکەوتوو بۆ ئەم بەشە دابینکران“.
دەشڵێت ” بە دابینکردنی ئەم ئامێرو کەل و پەلانە بەشی لەدایکبوونی نەخۆشخانەی هەریر دەچێتە قۆناخێکی نوێ و کارئاسانی زیاتر بۆ ئەو دایکانە دروست دەبێت کە منداڵایان دەبێت و روو لەم بەشە دەکەن“.
ئاماژەی بەوەشدا ” ئەم سەنتەرە ئەمریکیە بۆماوەی یەک ساڵ چاودێری بەشی لەدایکبوونی نەخۆشخانەی هەریر دەکات، جگە لەمەش راهێنان بەگشت پزیشک و کارمەندانی بەشەکە دەکات و بڕیاریشە لە مەڕاسیمێکدا سوپاس و پێزانینی بەڕێوەبەری تەندروستی شەقڵاوە ئاڕاستەی ئەم رێکخراوە بکرێت لە هەمبەر دابینکردنی ئەم کەل و پەلانە کە دەبێتە هۆکارێک بۆ خزمەتی خەڵکی ناوچەکە.