هەژار ئەنوەر _خەلیفان:
خاوەن پێداویستییەكی تایبەت بۆ زاری كرمانجی دەڵێت ” بەربەست و ڕیگرییەكان هەر چەند گەورەبن، ئەگەر ئیرادەو هیوا هەبێت ئامانجەكان بەدەستهێنانیان ئاسان دەبێت.
رزگار خدر مستەفا، ناسراو بە رزگار مەلا خدر، لە دایكبووی ساڵی ١٩٩٢ شارۆچكەی خەلیفان، دەرچووی پۆلی ١٢ی وێژەییە، خێزاندارە و خاوەن یەك منداڵەو خاوەن كاری خۆیەتی، بە زاری كرمانجی راگەیاند ; لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستم كرد بە كاری دووكانداری لەگەڵ خاوەن پێداویستییەك كە خاوەنی كارەكە بوو، بۆماوەی ٢ ساڵ كارەكەمان بە هاوبەشی دەكرد، بەڵام دواتر بیرمكردەوە ببم بە خاوەن كاری سەربەخۆ، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بڕیارمدا دووكانی پەڕاوگە و فۆتۆكۆپیم بكەمەوە، تا ئێستاش بەردەوامم لەكارەكەمدا، پێشتر كاری فرۆشتنی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێتم كردووە بۆ ماوەی ٢ ساڵ، هەموو هیوا و ئاواتم ئەوەبوو ببم بە خاوەن كارێكی سەربەخۆ، سوپاس بۆ خوای گەورە كەوا بە ئاواتەكەم گەیشتم”.
دەربارەی ئەوەی ئایا كێشەو گرفتی جەستەیی نەبووەتە رێگر و هۆكار لەبەردەم رایكردنی كارەكان و پرۆسەی هاوسەرگیری و ژیانكردن بەگشتی؟ لە وەڵامدا دەڵێت : ” هەرچەندە لە (زگماكی)یەوە كێشەی جەستەیی ئێسكە نەرمەم هەبووە، بەڵام لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنم زیاتر هەستم پێكرد و چەندین نەشتەرگەریم بۆ كراوە، لە دەرەوەی وڵات لەئێستادا تەندروستیم باشە و كێشەیەكی ئەوتۆم نییە، سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری لەكۆمەڵگەی ئێمەدا كەمێك سەختە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەتێك كە ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات، بەڵام خۆشبەختانە ژیانی هاوسەرگیریم پێكهێناوە، ئەگەرچی من خاوەن پێداویستی تایبەتم، كەچی هاوسەرەكەم هیچ كێشەیەكی جەستەیی نییە”.
ئەو خاوە پێداویستییە دەشڵێت: ” پەیامم بۆ گەنجان و خاوەن پێداویستی تایبەتییەكان، ئەوەیە بەربەست و ڕیگرییەكان هەر چەند گەورەبن! ئەگەر ئیرادەو و هیواو ئارامی هەبێت بەدەستهێنانی ئامانجەكان ئاسان دەبن و پێیاندەگەین، هەرچەند لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەلی كار كەمە بەگشتی و بەتایبەت بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستی، بەڵام ئەگەر سووربی و پێداگیری بكەیت لەسەر ئامانجەكانت ئەوە هەر بەدەست دەهێنرێت.