مامۆستاکەی هەولێر پلەی مامۆستایەتی لێ دەسەنرێتەوە
زاری کرمانجی – سۆران :
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر ڕووداوی هێرشکردنە سەر مامۆستایەکی ژن لە پەروەردەی دەشتی هەولێر ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند:”لەسەر ڕاسپاردەی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی گشتیی پەروەردەی پارێزگای هەولێر پێکهێنراوە و خودی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای هەولێر سەرۆکی لیژنەکەیە و سەرپەرشتیی کاروبارەکانی دەکات، هاوکات نوێنەری یاسایی و سەرپەرشتیاریش لەناو ئەو لیژنەیەدا هەن”.
وتەبێژی وەزارەتی ناوبراو ئەو جۆرە کارانە لە چوارچێوەی میلاکی وەزارەتی پەروەردەدا بە هێڵی سوور ناو دەبات و دەڵێ:”تا لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیە تەواو نەبن و دیار نەبێت، کامە لایەن دەستدرێژیکردووەتە سەر لایەنەکەی دیکە و کامە لایەن تۆمەتبارە، ناتوانن بە شێوەیەکی فەرمی هیچ بڵێن و هیچ بڕیارێک دەربکەن و بەڵگە و گوتەی پێویست لەو کە سانە وەردەگیرێت کە پەیوەندیدارن بەڕوداوەکە، دواتر هەمووی دەکرێتە کۆنوسێک و بە وەزیری پەروەردە دەدرێت، چونکە خۆی گرنگییەکی زۆر بە بابەتەکە دەدات”.
سامان سیوەیلی ئاشکراشی دەکات دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکە، دەرکەوت هەر کەسێک تۆمەتبارە لەم بابەتە سزای ئیداریی توند دەدرێت و دەڵێ:”لەوانەیە سزاکە بگاتە ئاستی لێسەندنەوەی پلەی مامۆستایەتی یان گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی دیکە، هەڵبەتە کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێڕیی دیکە هەن دەتوانین دواتر بیانگرینە بەر”.