زاری كرمانجی- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پرۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە و بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێک بەرێوەدەچێت و تا ئێستا لە ٨٩ بازنە ھەڵبژاردنی تێداکراوە و تا ١٥ی١٠ش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی بەردەوامە و تا ئێستا ٨٩ بازنە ھەڵبژاردنی تێداکراوە بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی کۆنگرە و دوێنێ لە لقێکی دھۆک لە لیژنەی ناوچەی برایەتی کۆتایی ھات و ئەمڕۆش لە لیژنەی ناوچەی سەرھەڵدان لە لقی یەک لە دھۆک ھەڵبژاردن بەردەوامە و لەسنووری لقی ١٦ی پارتی لیژنەی ناوچەی کارێز ھەڵبژاردن تێیدا بەردەوامە و لە ئەوروپاش ھەڵبژاردن بەردەوامەو لە وڵاتی ھۆڵەندا تەواوبووە”.
نەجات حەسەن گوتیشی: “پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر ھێمن و ئارام و بێ گرفت بەردەوامە و بەپێی پێشبینی ئێمە پرۆسەکە تا ١٥ی١٠ بەردەوام دەبێت و دواتریش کۆتایی بەپرۆسەکە دێت”.
حەسەن ڕوونیشیکردەوە: “پرۆسەکە زۆر گەورەیە و ھەر گرفتێکیش ھەبێت بەو شێوەیە نەبووە و سروشتی بووە بۆیە پرۆسەکە زۆر بەباشی بەرێوەدەچێت”.