عەباس غەزالی
مۆزە شوێنی نومایشی سەربوردەی مرۆڤە. ئەرکی مۆزە پێناسەکردنی جیهانە بەو جۆرەی کە بووە. مۆزە شوێنێکە کە ڕەوتی گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی دەخاتە بەر دیدەی مرۆڤ. دانانی مۆزەی نیشتمانیی بارزانی درێژەی هەوڵی شارستانییەتی مرۆڤە لە پێناو ئەو ئامانجانەدا. دانانی مۆزەی نیشتمانیی بارزانی هەوڵێکە بۆ پاراستنی دەسکەوتە کەلتووری و ڕەسەنەکانی کوردستان لە دەست تاڵان و فەرامۆشی کە خۆی بەشێکە لە شارستانییەتی ئینسان. ئەو مۆزەیە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی کەلتوور و هونەری نەتەوە و نیشتمانێک کە بە درێژایی تەمەنی بە تاڵان بردراوە. هەوڵێکی مرۆڤ دۆستانەیە کە بە بەرجەستە کردنەوەی دەسکەوتەکانی بەشێک لە مرۆڤایەتی، دەیەوێت بایەخ بە مێژوو و کەلتوور و دەسکەوتەکانی مرۆڤ ببەخشێت. ئەو مۆزەیە دەیەوێ ئەم ڕاستییە بە چاوی جیهانەوە بنێ کە کوردستان لانکەی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکانە.
بە هۆی ئەوەی مۆزە پێشانگای سەربوردەی مرۆڤە، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی دروستکردنی مۆزە ئەوە بووە کە ڕەنگاوڕەنگیی هونەر و ئاسەوار و بیرکردنەوەی مرۆڤ نیشان بدا. واتە مۆزە شوێنێک بووە کە لەودا نەتەوەیەک، بە یارمەتی ئاسەوارەکانی خۆی، گفتوگۆیەکی دێموکراسیانەی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە کردووە.
پێداچوونەوە بە مێژووی مۆزەدا وەبیرمان دەخاتەوە کە ڕۆژاواییەکان لە کاتی خۆی ئاسەواری هونەری و مێژوویی هەموو جیهانیان تاڵان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ لای خۆیان. ئەوان خۆیان بە سەرتۆپی جیهان زانیوە و پێیان وابووە کە شایستەیی ئەوەیان هەیە کە ئاسەوارە هونەری و دێرینەکانی مرۆڤ بۆ خۆیان ببەن و لای خۆیان ڕایبگرن و دواتر بە تێگەیشتنی خۆیان بیگێڕنەوە. بەڵام کاتێ گەڵان دەستیان کەوتۆتەوە بەرەخۆ و هوشیار بوونەتەوە، هەوڵیان داوە لە شوێنی خۆیان مۆزە دابنێن و لەسەر خاکی خۆیان بەسەرهاتی هونەری و دەسکەوتە جۆراوجۆرەکانیان وێنا بکەن. دانانی مۆزەی نیشتمانیی بارزانیش هەوڵێکە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو عەدالەتەدا. کەواتە دانانی ئەو مۆزەیە هەوڵی نیشتمان و نەتەوەیەکە، لە پێناو گێڕانەوەی حیکایەتی ئەو پارچەیە لە جیهان لەسەر خاکی خۆی. مۆزەی نیشتمانیی بارزانی بەرهەمی گەشەی بەشێک لە شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێشانگایەکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە چوارچێوەی مۆزەدا مێژوو و سەربوردەی بەشێکی بزرکراوی ئەم جیهانە ببینن و هەستی پێ بکەن.
بۆیە دەکرێ بگوترێ، وەک چۆن لە ئورووپا، بە تایبەتی لە فەڕانسا، مۆزە بەرهەمی گەشەی پیشەسازی و مرۆیی بوو، وەک چۆن مۆزە بریتی بووە لە ئازادکردنی ئەو ئاسەوارانەی لە ژێر خاک و لە نێو ماڵ و کلیسا و کۆشک و تەلارەکاندا زیندانی کرابوون، وەک چۆن دانانی مۆزە لە ڕۆژاوا بۆ ئەوە بوو کە چینە جیاوازەکانی خەڵک، بە گشتی و بێ جیاوازی، بتوانن ئاسەواری خۆیان ببینن، وەک چۆن دانانی مۆزە بەو مەبەستە بووە کە ئاسەوار و سەربوردە مرۆییەکان بگەڕێندرێتەوە بۆخەڵک و بکرێن بە مڵکی گشتی، دانانی مۆزەی نیشتمانیی بارزانیش هەر بۆ هەمان مەبەست بونیاد نراوە. کەواتە ئەو مۆزەیە بەرهەمی گوتاری گەشەسەندووی نیشتمانێکە کە دەیەوێ بە شێوەیەکی مودێڕن نومایشتی مێژووی بەشێک لە مرۆڤایەتی بکات و شارستانییەتی کۆن و ئێستای بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشانی جیهان بدات.
وردبوونەوە لەو بابەتانەی سەرەوە دەمانگەیێنێت بەو حەقیقەتە کە دروست کردنی مۆزە ئەرکی بێ ئەملا و ئەولای کۆمەڵگەی ئێمەیە و بەو بۆنەیەوە کە خزمەتی فەرهەنگ و دێرینەناسی مرۆڤایەتی دەکا، بە تایبەتی بەو بۆنەیەوە کە نومایشی هونەر و مێژووی نەتەوە و نیشتمانێکی ژێر مەترسی فەرامۆشی دەکات، جێی خۆیەتی کە بە شێوەی جۆراوجۆر، لە لایەن گەلان و وڵاتانی هاوسێ و هەموو جیهانەوە پشتگیری بکرێ و وەک بەهایەکی فەرهەنگی و شارستانی بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی سەیر بکرێت.
لە کۆتاییدا جێی خۆزگە و بریایە کە مۆزەی نیشتمانیی بارزانیی نەمر بەجۆرێک پەرەی پێ بدرێ و بەڕادەیەک ئاسەواری بەرجەستەی مێژووی شارستانییەت و هونەری دێرین و هاوچەرخی تێدا نومایش بکرێت، کە ببێتە مەرجەعێک بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەبواری “فەرهەنگ ناسی”، “مێژوو ناسی”و “مرۆڤ ناسی”ی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی.