موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دوای ئەوەی بەپێی فەرمانێكی هەرێمی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رۆژی 18ی 11ی 2023، وەك رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، بەڵام كەمتر لە شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تا ئێستا هیچ ئامادەكاریەك نەكراوە بۆ بەڕێوەچوونی، چونكە هەر ئامادەكارییەك بۆ ئەم پرسە بكرێت دەبێت لە رێگەی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانەوە بێ، ئەو ئەنجوومەنەش تا ئێستا كارا نەكراوەتەوە، سەرۆكی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی دیاری كردووە، ئەگەر لایەنە سیاسیەكان لەو مانگەدا بگەنە رێكەوتن و لە پەرلەمان هەمواری یاساكە بكرێتەوە، لە هەمان كات ئەگەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كێشەمان بۆ دروست نەكات، لەوانەیە بتوانرێ لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت.
دكتۆر ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی، ئاشكراشی كرد:” لایەنە سیاسیەكان لە ماوەی رابردوو، كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و لەیەك نزیك بوونەوەی باش هەبووە، تەنها لەسەر پرسی پێكهاتەكان خاڵی ناكۆكیانە، بەڵام وا باشترە پرس بە پێكهاتەكانیش بكرێت و بۆچوونیان لەسەر شێوازی بەشداری كردنی هەڵبژاردن وەربگیرێت، ئەوان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
گووتیشی:” ئەگەر هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا نەكرێت، رووبەڕووی گرفت دەبینەوە، دامەزراوەیەكی سەرەكی كە پەرلەمانی كوردستانە، شەرعیەتی خۆی لە دەست دەدات و دەبینە حكوومەتێكی كار بەڕێكەر، بەم هۆیەوە داهاتوومان لە بواری هەڵبژاردن روون نابێ، بۆیە دەبێ هەوڵ بدرێت لەیەك نزیك بوونەوە و لێكتێگەیشتن هەبێت و هەڵبژاردن چیتر دوا نەخرێت و لە كاتی خۆی بەڕێوەبچێت”.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە ساڵی 2018 بەڕێوە چوو، یەكێتی تەنیا 21 كورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا، كە كەمترە لە نیوەی كورسییەكانی پارتی، لەكاتێكدا پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانە، بەڵام پارتی دەیەوێ مافی یەكسانی لەگەڵ لایەنەكان و یەكێتی هەبێت، بۆیە ئەمە شەڕفرۆشتنە، ئەگەرنا هیچ كات نەبووە حیزبێك بیەوێت هەمان مافی هەبێت، لەگەڵ حیزبی زۆرینە”.