شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
مەهسا ئەمینی یەكەم ژن نییە، كۆماری ئیسلامی ئێران ئەشكەنجەی دەدات و دەكوژێت، بەڵكو بە هەزاران ئافرەت بە ناوی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی لەم وڵاتەدا ئەشكەنجە دەدرێن و بەشێكیشیان دەكوژرێن، ژنانی ئەو وڵاتە دەڵێن ( ئەمە یەكەم رووداو و كۆتا ڕووداویش نابێت كە بەسەر ئێمەی ژنان دا دێت لەم وڵاتە) .
چیرۆكی دەستگیركردنی كچێكی تەمەن 22 ساڵ بەناوی مەهسا (ژینا) ئەمینی لەلایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی پابەند نەبوونی باڵاپۆشی و دواتر بە هۆكارێكی نادیار گیانی لە دەستدا، ئەمەش ناڕەزایی ژنان و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و شەقام بەرز كردەوەو لەبەرامبەریشدا دەزگا ئەمنییەكان هاتنە دەنگ و مردنی مەهسایان بە هۆكاری جەڵتەی دڵ گەڕاندنەوە، بەڵام چالاكوانان و ژنانی ئێرانی شتی تر دەڵێن و پێیان وایە لە ژێر ئەشكەنجەیەكی توند تووشی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بووە و گیانی لە دەستداوە، پۆلیس بە براكەی دەڵێن” كیارەش ئێمە مەهسا دەبەین بۆ لای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی بۆ زانیاری و راهێنان، ئەمەش تەنها یەك كاتژمێر دەخایەنێت. بەڵام دوای دوو كاتژمێر، كیارەش دەبینێت خوشكەكەی لە ئەمبوڵانسێكدایە كە لەبەردەمیان تێپەڕ دەبێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە مەهسا ئەمینی گیان لە دەست بدات”.
هەر لەسەر مردنی ئەم كچە گەنجە، ژمارەیەك لە چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا خەڵكی ئێرانیان بە مانگرتنی گشتی ناو برد و ڕایانگەیاند” مەهسا ئەمینی یەكەم قوربانی سیاسەتی دژە ژن و مرۆڤایەتی كۆماری ئیسلامی نییە و نابێتە دوایین قوربانیش”.
ئەو چالاكوانانە لە بەیاننامەكەیاندا رایانگەیاند ” شەقامەكانی شارەكانمان بۆ ژنان سەلامەت نین، هۆكاری سەرەكی ئەم رووداو و قوربانییانەش نەبوونی ئاسایشە، ئەو پۆلیسانەی لە ناو شار و كۆڵانەكان بە ناوی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی ژنانمان دەستبەسەر دەكەن و ئەشكەنجەیان دەدەن و دەیانكوژن”.
ئاماژەیان بەوەش كردووە” حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئاڵای دەسەڵاتی خۆی بە جەستەی سەدان و هەزاران ژنی قوربانی ڕێكخراوە حكومی و كۆمەڵایەتییەكان فڕۆشتووە، هەروەها ئیستغلالكردنی ئایدیۆلۆژی ژنانی ئێران لە لایەن حكومەتەوە خوازیاری شكستهێنانی بێدەنگی خەڵك لە ئێران بوون”.