زاری کرمانجی – سۆران :
سەبەتەی چوارەمی بەشە خۆراکی ئەمساڵ کە لە 6 ماددە پێکهاتووە. لە بەشێک لە شارەکانی عێراق دەست بە دابەشکردنی کراوە.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای دەکات کە سەبەتەی چوارەم پێکهاتووە لە شەش ماددە ( برنج، شەکر، دۆشاوی تەماتە، زەیت، فاسۆلیا، نیسک). ئەوەش دەڵێ : “لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش بەشە خۆراک ڕەوانەی بریکارەکان کراوە.”
هاوکات وەزارەتی بازرگانی هەرێم داوای کردووە گۆڕانکاری لە سێ مادەی خۆراکی بکرێت.
حوسێن سەبری، ڕێکخەری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند، کە پێشنیاریان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە بەهۆی گەرمی کەش و هەوا، لەتکە نۆک و نیسک بگۆڕن و لە جیاتی ئەوە چا و شیری وشک بدرێت، لەجیاتی برنج یش ساوار بدرێت.
ڕێکخەری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش دەڵێ:”بەغدا پێشوازی لەو پێشنیازە کردووە و زۆریان پێ باشە، باسیان لەوە کردووە کە تا ئێستا پێشنیازی لەو جۆرەیان بۆ نەهاتووە، بۆیە تاوتوێی ئەو پێشنیازە دەکەن.”