زاری کرمانجی – ڕواندز :
لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشکی زیندوو گەیشتبووە نزیک 5 هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا نرخەکەی دابەزیوە و هەر وەکوو یەکێک لە فرۆشیارانی مریشکی زیندوو لە شاری ڕواندز باسی دەکات ئێواران وەکوو دۆلار کەمێک نرخەکەی بەرز دەبێتەوە .
هێمن نادر، فرۆشیاری مریشک لە نێو بازاڕی ڕواندز بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: “نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک بەراورد بە مانگی ڕابردوو، نزیکەی 2500 دیناری دابەزیوە،”
هێمن ئەوەش دەڵێ : “لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی کیلۆیەک مریشک گەیشتبووە 5 هەزار دینار، بەڵام ئێستا کیلۆیی بە 2500 دینارە، تەنیا شەوان وەکوو دۆلار نرخەکەی بەرز دەبێتەوە،”
هێمن هۆکاری گران بوون و هەرزانبوونی نرخی مریشکی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پێشتر مریشک لە کوردستانەوە بۆ شارەکانی تری عێراق هەناردە دەکرا، بەڵام لە ئێستادا ڕێگە نادرێت و مریشکی کێڵگەکانی پەلەوەریش پێ ڕاگەیشتوون، بۆیە نرخەکەی هەرزان بووە .