سیروان ئێسقەیلی
ماستەر لە سیاسەت و پەیوەندی نێودەولەتی
نیشتمانپەروەری و خزمەتکردن بە میللەت دوو چەمکی نزیک لەیەکتر وگرێدراون بەیەکەوە کە بە بنچینەی نیشتمانپەروەری دادەنرێن. جەیمس ئۆتیس، دەڵیت “نیشتمانپەروەری یەکێکە لە بەرزترین هەستەکان کە ڕۆحی مرۆڤ دەجوڵێنێت”. مارک توین دەڵێ نیشتمانپەروەری واتا پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەت و حکومەتەکەت لەکاتێکدا شایەنی ئەوە بێت، جۆرج واشنتۆنیش ئاماژە بەوە دەکات کە نیشتمانپەروەری لە خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی جیاناکرێتەوە. لەم بابەتەدا پەیوەندی نێوان نیشتمانپەروەری و خزمەتکردن بە میللەت دەخەینە ڕوو:
خۆشەویستی نیشتمان هەستێکە کە لە بیرۆکەی ناسنامەی نەتەوەیی و هەستکردن بە سەر بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و وابەستەبوون بە بەها و نەریتەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت. جەیمس ئۆتیس پێی وایە خۆشەویستی وڵات یەکێکە لە بەرزترین خولیاکان کە مرۆڤ دەتوانێت هەیبێ. ئەم خولیایە پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان کاربکەن بۆ باشترکردنی وڵاتەکەیان و بەرگریکردن لە ئایدیاڵ و پرەنسیپەکانی و هەوڵدان بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەیان. جۆرج واشنتۆن ئاماژە بەوە دەکات کە خۆشەویستی وڵات لە خۆشەویستی مرۆڤایەتی جیاناکرێتەوە. ئەوە دەگەیەنێت کە خۆشویستنی نیشتیمان تەنها پەیوەندی بە خاکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خەڵک و خۆشگوزەرانیانەوە هەیە. بۆیە خۆشویستنی نیشتمان واتە هەوڵدان بۆ چاکەی گشتی و خزمەتکردنی بەرژەوەندی کۆمەڵگا.
خزمەتکردنی نیشتمان ئامادەیی قوربانیدان و بەشداریکردنە لە بەرگریکردن و بەرەوپێشبردنی وڵات. جۆن کێنێدی ووتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت “مەپرسە وڵاتەکەت چیت بۆ دەکات، بپرسە تۆ دەتوانیت چی بۆ وڵاتەکەت بکەیت”. جۆرج ئێس پاتۆن ، پێی وایە بەرزترین ئەرک و ئیمتیازاتی هاووڵاتیبوون، هەڵگرتنی چەکە بۆ وڵاتەکەی. محمد عەلی ڕوونی دەکاتەوە کە خزمەت بە کەسانی تر یان وڵات و نەتەوەکانی تر ئەو کرێیە کە مرۆڤ دەیدات بۆ ژوورەکەی لەسەر زەوی. جۆرج واشنتۆن ئاماژە بەوە دەکات کە ئامادەیی گەنجان بۆ خزمەتکردن لە شەڕەکاندا هاوشێوەیە لەگەڵ ئەو شێوازەی کە سەربازە دێرینەکانی شەڕەکانی پێشوو لەلایەن نەتەوەکەیانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و ماندووبوون و خەباتیان بەرز نرخێندراوە. واتە کە گەنجێکی ئەمڕۆ بیەوێت خزمەتی ولاتەکەی بکات و بەرگری لێ بکات هەمان ئیمتازات و ڕێزی ئەوانەی هەیە کە لە ڕابردوو قوربانیان داوە لە پێناو وڵات. مارتن لوپەر کینگ دەڵێت، پێوەری کۆتایی مرۆڤ ئەوە نییە کە لە ساتەکانی ئاسوودەیی و خۆشی لە کوێدا وەستاوە، بەڵکو ئەوەیە کە لە کاتی تەحەدا و ناخۆشی سەختی لە کوێدا دەوەستێت.
خۆشەویستی و خزمەتکردنی نیشتیمان دوو چەکن بەیەکەوە پەوەستن. مرۆڤ ناتوانێت خزمەتی وڵاتەکەی بکات بەبێ ئەوەی خۆشی بوێت. خۆشەویستنی وڵاتی هەستکردن بە ئەرک بەرامبەر بە کۆمەڵگا لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا خزمەتکردنی، بریتییە لە کارکردن لەسەر ئەم ئەرکە و بەشداریکردنە لە پێناو بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا. ئادلای ئی: پێ ی وایە کە نیشتمانپەروەری تەنها خزمەتکردن نییە لە کاتی شەڕ یان قەیرانەکاندا بەڵکو هەوڵدانی بەردەوامە بۆ خزمەتکردن و گەشەسەندنی ولات.
ئەگەر باس لە پەیوەندی نێوان خۆشەویستی وڵات و خزمەتکردنی بكەین، ئاشکرایە کە ئاڵۆز و فرەڕەهەندە. خۆشەویستی نیشتمان وابەستەیەکی سۆزدارییە لەلایەن تاکەوە بەرجەستە دەبێت، لە کاتێکدا خزمەتکردنی وڵات دەرکەوتێکی کردەیی ئەم وابەستەییە. نیشتمانپەروەری هەم خۆشەویستی و هەم خزمەت لەخۆدەگرێت. خۆشەویستی نیشتیمان پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ کاربکات بۆ گەشەسەندن وپێشخستنی گەل و ولات، لەکاتێکدا خزمەتکردنی وڵاتەکەی دەرکەوتنی کرداری ئەم خۆشەویستییەیە. خزمەتکردنی نیشتیمان پێویستی بە قوربانیدان و بەشداریکردنە لە چاکەی گشتیدا. واتە کارکردن بۆ سەرکەوتنی میللەتەکەی و بەرگریکردن لە بەها و پرەنسیپەکانی لە دەگرێت. پەیوەندی نێوان خۆشەویستی نیشتیمان و خزمەتکردنی بەوە ناسراوە کە پەیوەندیەکی بەرامبەر و تەواوکەری یەکترە، واتە هیچ کامێکیان بەبێ ئەوەی تر ناتوانێت مەفهەمێکی تەواو ببەخشێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین خۆشەویستی نیشتیمان و خزمەتکردنی، دوو چەمکی نزیک لە یەکترن کە بناغەی نیشتمانپەروەرین. خۆشەویستنی وڵات پەیوەندییەکی سۆزداری تاکە بۆ نەتەوەكەی ، لەکاتێکدا خزمەتکردنی وڵات پێویستی بە پابەندبوونێکی چالاکانە هەیە بۆ کارکردن بەمەبەستی گەشەسەندن و بەرەوپێشبردن و پێشکەوتنی وڵات. هەروەک ئەو کەسە ناسراوانەی كە لە سەرەوەی ئەم وتارەدا ئاماژەمان بە ووتەکانیان داوە، نیشتمانپەروەری تەنیا ئەوە نییە کە کوێرانە پشتیوانی وڵات یان حکومەت بکەیت، بەڵکو پێویستە تاک ئەوە بزانێک کە ئەرکێکی خۆمەت کردنی وڵاتەکەیەتی و دەبێت قوربانی بدات لە پێناوی پەیوەندی نێوان بەبێ گوێدان بە هەندێ کەس کە لەوانەیە لە پۆستی بەرزدا بن و وەک پێویست خزمەتی ولات نەکەن. خۆشەویستی وڵات و خزمەتکردنی دوو چەمکی تەواوکەری یەکترن، هەر چەمکێک ئەوی دیکە بەهێز دەکات. بەڕاستی خۆشویستنی نیشتیمان بریتییە لە ئامادەبوون بۆ خزمەتکردن و پاراستنی، خزمەتکردنی نیشتمانیش نیشاندانی خۆشەویستی و پەرۆشییەکی قووڵە بۆی. جا چ لە ڕێگەی خزمەتکردن لە بواری سەربازییەوە، پەروەردەیی، تەندروستی، ئەمنی، خۆبەخشی بێت، یان تەنها هاوڵاتییەکی چالاک بیت سودبەخش بی بۆ گەل و ولاتەکەت، هەر تاکێک دەتوانێت بە شێوازی خۆی بەشداری لە سەرکەوتنی وڵاتەکەیدا بکات. بەتایبەت لەم سەردەرمەی جیهانگیری کە جیهان وەک گوندێکی بچکۆلانەی لێهاتووە، لە ئەمڕۆدا زۆرێک لە وڵاتان ڕووبەڕووی تەحەددای گەورەو مەترسیدار بوونەتەوە، ڕۆحی نیشتمانپەروەری و هاندانی خەڵک بۆ خزمەتکردنی نەتەوەکانیان لە هەموو کاتێک گرنگترە. تەنها بە کارکردنی پێکەوەیی و ڕۆحی قوربانیدان و تێکۆشان بۆ گەل و ولات دەتوانین داهاتوویەکی خۆشگوزەران و ئارام بۆ کۆمەڵگاکانمان و جیهان بە گشتی مسۆگەر بکەین.
سەرچاوەكانی نووسەر بۆ ئەم بابەتە لە زاری كرمانجی پارێزراوە: