ن/ عەبدوڵقادر رەسول
دوای ماوەیەكی دی تاقیكردنەوەكان كۆتاییان دێت و بە هەوڵ و ماندووبوونتان قۆناغی خۆتان دەبڕن و دەچنە قۆناغێكی تر.
گرنگە بیزانن چۆن لەم پشووەی هاویندا كاتی خۆتان ڕێكدەخەن و بەرنامەی باش دادەنێن تا زۆرترین سوود بگەیەنن بە پاشخانی زانستی و ڕۆشنبیری خۆتان.
سەرەتا پێویستە بەرنامەیەك دابنێن بۆ خەوتن و كاتبەسەربردن، هەموو مرۆڤێك پێویستی بە كاتبەسەربردن و دەرچوون و خەو و چالاكی شادیهێنەری تر هەیە ، بەڵام هەموو ئەوانە دەبنە ڕابردوو ، ئەوەی كە دەمێنێتەوە لە هزر و بیردا ئەو زانیاری و زانستەیە كە تۆ فێری بوویت و ئایندەتی پێ ڕۆشن دەكەیتەوە.
نامەوێ ڕێكلام بۆ هیچ چەشنە خول و بابەتێك بكەم، لێ ئەوە بەیاد خوێنەر دەهێنمەوە كە كات ئەو گەوهەرەیە هەرگیز گەڕانەوەی بۆ نییە، ناتوانین دەقیقەیەك پێش ئێستا بگێڕینەوە بۆ ئەنجامدانی كارێك تەنانەت چركەیەكیش، ئەوەی لە دەستمان دێت ئەوەیە ڕێگانەدەین كاتی داهاتوومان بەفیڕۆبڕوات.
گرنگە هەر قوتابییەك، یان بەخێوكاری قوتابی بە شێوەیەكی تر ، خاڵی لاواز بدۆزێتەوە لە خۆی یان لە ڕۆڵەكەیدا بۆ نموونە، لە ئینگلیزی، كۆمپیوتەر، بیركاری ، هەر بابەتێكی زانستی تر كە ئاستی لاوازە بچێت خۆی بەهێزبكات لەو ماوەیەدا.
لەبەر ئەوەی چەرخی گەردوون بێبەزەییانە گوزەر دەكات و لەسەر ئەوە ناوەستێ تا تۆ خۆت بنیات دەنێیت، دەبێ لەگەڵی بجەنگی تا شانازی بە دەستكەوتەكانت بكەیت، هەروەها ئەو خولانەی لەلایەن خودی قوتابخانەكانەوە لە هاویندا دەكرێنەوە دەرفەتێكی باشن بۆ قوتابیان تا لەڕێگای هەمان مامۆستای قوتابخانەكەیەوە لە پشووی هاویندا كەموكووڕییەكانی پڕبكرێتەوە و ئاستی لاوازی خوێندنی چارەسەر بكرێ.
قوتابی ئەزیز
لایەنێكی تری سوودگەیاندن بەخۆت خوێندنەوەی كتێبە، كتێب ئەو سەرچاوە گرنگ و ناوازەی زانیاری و خۆپێگەیاندنە كە چەندین نەوەی پێش ئێمە و دوای ئێمەی دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر كردووە و بوون و دەبن بە كەسانی مەزن ، هەر بوارێك كە ئارەزووی دەكەی بڕۆ تێیدا بخوێنەوە ، ڕۆمان، چیرۆك، بابەتی ئاینی، كۆمەڵایەتی ، ڕۆشنبیری گشتی، هتد…..
ەخوێندنەوە دەتوانی بگەی بە ترۆپك و لووتكەی زانیاری و ناسینی دەورووبەرت لە گرنگترین سوودەكانی خوێندنەوە:
1- دەبێتە هۆكاری زیاد بوونی عیلم و زانیاری و بەرچاو ڕوونی .
2- سوود بەخشە بۆ دەستخستنی ئەزموون و شارەزایی.
3- بەسەر بردنی كاتە لە بەنرخترین شتدا.
4- هۆكارە بۆ زیاد بوونی عەقڵ و زیرەكی.
5- هۆكارە بۆ زیاد بوونی ئەدەب و ڕەوشت و كەسایەتی.
لەلایەكی دیكەوە كاتێك دەبێتە پشوو، زۆرینەی منداڵان دەكەونە باری ئاڵوودەبوونێكی توندی سۆشیالمیدیا و مۆبایل و ئایپاد كە سەرەڕای هەبوونی مەترسی لەسەر كەسایەتی و ڕەوشتی منداڵان لە ئەگەری سەیركردنی هەندێ بابەتی وروژێنەر، لەو تەمەنە هەستیارەدا دەیان كێشەی تەندروستی بۆ ( چاو، بڕبڕەی پشت ، ماسولكەكان ، لایەنی دەروونی ) دروست دەكات كە كاریگەری درێژخایەنی لەسەر قۆناغەكانی تری تەمەن دەبێت ..
ئایا دەزانیت وڵاتی ژاپۆن( یابان) بەچی گەیشتووەتە دوا ترۆپكی پێشكەوتن و زانیاری؟
بە سوودبینین لە زۆرترینی ئەو كاتانەی كە ڕۆژانە بەكاریدێنێ ، ئایا ڕۆژ لای ئەو سی و چوار سەعاتە!؟ نەخێر، وەكو تۆ ٢٤ سەعاتی ڕۆژانەی هەیە و زۆر لەتۆش كەمتر دەخەوێ و دەخوات، بەڵام هزر و بیری بە شێوازێك راهێناوە كە بە كەمترین كات زۆرترین چالاكی ئەنجامبدا بۆیە خۆی و نەتەوە و وڵاتەكەی لە لووتكەی سیستەمی زانیاری و تەكنەلۆژیا و پێشكەوتن دان.