زاری كرمانجی – سیدەكان:
چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، پڕۆژەی باڵەخانەی بانكی سییدەكان چووە واری جێبەجێ كردن، بەڵام بەهۆی دەركەوتنی چەند پارچەیەكی شوێنەواری پڕۆژەكە ماوەیەكی زۆرە راگیراوە، بەڕێوەبەری شوێنەاوری سۆرانیش دەڵێت:” تا پشكنینی شوێنەواری بۆ كرا كاتی زۆری پێ چوو، ئێستا بڕیار دراوە دەست بە پڕۆژەكە بكرێتەوە”.
عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” لە سنووری شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندان ناوچەی شوێنەواری و كەلتووری هەن، كە بەشێك لەوانە بەشێوەیەكی فەرمی تۆماركراون، هەروەها چەندین شوێنەواری دیكەش هەن، كە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە و تۆمارنەكراون، زۆرجار لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەی كاركردنی هاووڵاتییان بەدیار دەكەون و پارچە گۆزەو شوێنەوارەكان دەدۆزرێنەوە، ئەمەش پێویستی بە گرینگی پێدان و پاراستنیان هەیە، چونكە شوێنەوار تایبەتمەندەو ناسنامەی گەلانە”.
بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری سۆران، دەشڵێت: ” پێویستە لەكاتی ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەك بەتایبەت دروستكردنی بینایەی حكوومی و دام و دەزگاكان و رێپێدانی خانووی درووستكردن لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەرەتاوە پرس بە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار بكرێت، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بكرێت و لەسەرەتاو پشكنین بۆ شوێنی پڕۆژەكە ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیایە ببینەوە كە ئەو شوێنە ناوچەی شوێنەواری نییە، زۆرجاریش لەو رووەوە گرفت درووست بووە، بۆ نموونە لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەی بانكی سیدەكان، بەهۆی دۆزینەوەی چەند پارچە گۆزەو گلێنە بەناچاری پڕۆژەكە راگیرا، ئەوەش لە چەندین رووەوە كاریگەر بوو لەسەر هاووڵاتییان، تا پشكنینی شوێنەواری بۆ شوێنەكە كرا كاتی زۆری پێ چوو، ئێستا بڕیار دراوە دەست بە پڕۆژەكە بكرێتەوە”.