وەجدی نەجات – شەوین اسماعیل
قۆناغی دووەمی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانكۆی سۆران
بە سەرپەرشتی د . ئەبوبەكر دێوانە
هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕووداوە مێژوویەکان ، بۆیە زۆر جار وادەبینرێت جوگرافیا مێژوو ئاراستە دەکات جوگرافیای کوردستانیش هەر لە کۆنەوە بۆتە گۆڕەپان و چەقی هەندێک هێز و شارستانیەتی خۆسەپێن و بەرژەوەندی خواز ، بۆیە کوردەکان تێکەڵ بە هەموو ئەو شارستانیانە و مێژووی دەوڵەتەکان بوون لەو ناوچەیە و بە جۆرێک کاریگەریشی تێدا هەبووە ، سەرەڕای هەبوونی چەندین میرنشین لە سەردەمی عەباسیدا ، کە زۆر جار سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ بوونە بەڵام دەسەڵاتیان سنووردار بووە ، ئەمەش بە هۆی سەختی و دووری شوینەکە لە دەسەڵاتی مەرکەزیەوە بووە .
ڕەچەلەکی عەباسیەکان بۆ (عباسی کوڕی عبدالمتلب) مامی پێغەمبەری ئیسلام (محمد)(د.خ) دەگەڕیتەوە ، (علی کوڕی عبداللە کوڕی عباس) یەکەم بانگەشەکار بوو بۆ گەیشتنی بنەماڵەکەیان بە دەسەڵات ، بەو هۆیەش بزوتنەوەکە ناوی عەباسی وەرگرت ، دەوڵەتی عباسی بە سێیەمین دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دادەنرێت لە ساڵی(١٣٢ک – ٧٥٠ز) بە هەوڵ و کۆششی ئەو نەتەوەو کۆمەڵانە بە تایبەت (مەمالیک) دامەزرا کە دژایەتی دەوڵەتی خەلافەتی ئەمەویان دەکرد ، ئەمەش دوای(٥٠٨) ساڵ لە دەسەڵات دواجار لەساڵی (٦٥٦ک/١٢٥٨ز) لەسەر دەستی مەغۆلەکان ڕووخا .
کورد و بانگەشەی عباسی
گومانی تێدانیە کوردی چیاکان و شارەزوریەکان پشتگیری بانگەشەی عەباسیان کرد و لە ئاستێکی فراواندا پەیوەندیان بە سوپای عەباسیەوە کرد، تا ئەو ڕادەی ژمارەیان گەیشتە (٥) هەزار کەس ، لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی(١٣١/ک) سوپای عەباسی لەگەڵ سوپای ئەمەوییەکان کەوتە شەڕەوە لە نزیک شارەزوور ، لە ئەنجامدا عەباسییەکان سەرکەوتن وە هەروەها لە شەڕی گەورەی (زاب) لە ساڵی (١٣٢/ک) لە نزیک موصل ئەمجارەش عەباسییەکان سەرکەوتن و عێراقیان داگیرکرد کە کوردەکان بە تایبەت شارەزوور ڕۆڵیکی زۆریان هەبوو تیایدا .
رۆڵی کوردەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتی عەباسیدا
(ئەبو موسلمی خۆراسانی) کە ناوی تەواوی (باهزادان کوڕی وەندادان) بە یەکێک لە ڕێبەرانی بانگەشەی عەباسی دادەنرێت لە ساڵی (١٢٨/ک) پەیوەندی کرد بە ابراهیم کوڕی محمد (ابڕاهیمی ئیمام) تا پشتیوانی بانگەشەکەی بکات ، پاشان نێردرا بۆ هەرێمی خۆراسان تا بانگەوازی تێدا بکات ، تەنانەت بە خاوەنی بانگەواز (صاحب الدعوە) ناوبراوە
گومان لەسەر کوردبوونی ئەبو موسلیم نەماوەتەوە ، زۆربەی مێژوونووسان باوەریان وایە کورد بووە لەوانە (حمداللە مستەوفی).
باشترین بەڵگەش لە شیعرێکی شاعیری عەباسی (ئەبو دلامە) یە ،
کە ستایشی خەلیفە مەنسور دەکات و توانج لە ئەبو موسلم دەدات و دەڵیت (الا ان أهل الغدر اباۆك ألكرد) واتە : باب و باپیرانت کوردی ستەمکارن .
کورد لە سیستەمی کارگێری(ئیدارە)ی عەباسیدا
لە سەرەتای دەوڵەتی عەباسی بە تایبەت عەباسی یەکەم کورد هێشتا دەستبەرداری ژیانی تایبەتی خۆیان لە چیاکانی کوردستان نەبوون و تێکەڵ بە ژیانی سیاسی دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئیسلامی نەبوون و پێچەوانەی میللەتانی تورک و فارس و دەیلەم ، بەڵام دواتر بە تێپەربوونی کات بەشداری و رۆڵیان زیاتربوو ، وە کۆمەڵێک کەسایەتی کورد دەرکەوتن لەناو سیستەمی کارگێڕی عەباسیدا وەک محمدی کوڕی یەزداد(یەزداندادی شارەزووری) کە جێگری میری میرانی بەغدا (ابن رائق) بوو و ماوەیەکیش جێگری (ابن رائق) بوو لە حەلەب و دیمەشق . خەلیفە (المعتمد) بۆ بنبڕکردنی ئاڵۆزی و نائارامی موصڵ بڕیاریدا (علی کوڕی روهزاد) بکاتە والی موصڵ و ماوەیەک لەو پۆستە مایەوە ، کە کەسایەتیەکی دیاری دەڤەری هەکاری بوو ، یەکێکی تر لە کەسایەتیە کوردەکان (علی کوڕی خالدی کورد)بوو کە کرایە والی (حلوان) لە ساڵی(٣٠١/ک- ٩١٣/ز) .
پێگەی کورد لە ناو سوپای عەباسیدا
ژمارەیەکی بەرچاو لە سەردار و میرانی نا عەرەب کورد بوون ئەوان بەهۆی دڵشکانیان لە سوپای ئەیوبیەکان و لە دەستدانی دەسەڵاتیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە ڕوویان کردە شاری بەغدا ، بۆ نموونە لە سەردەمی دەسەڵاتی سولجوقییەکان کۆمەڵێک میر هاتنە ناو ڕیزی سوپاوە وەک میر (هەزارئەسپی کوڕی بەنگێز -٢٦٢/ک).
وە کوردەکان بەشداری چەند شەڕێکیان کرد لەوانەش شەری بەناوبانگی(مەلازگرد -٤٦٣/ک) لە نێوان عەباسییەکان و بێزەنتیەکان بە سەرکردایەتی سوڵتان (ئەلب ئەرسەلان) و ئیمپراتۆری بێزەنتی (رۆمانۆسی چوارەم) ، نزیکەی (١٠) هەزار کورد بە نیازی جیهاد لە دەوری سوڵتانی سەلجوقی گردبوونەوە و رۆڵی گرنگیان بینی لە سەرکەوتنی سوپای موسڵمانان . تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەیە ئەو کەسەی کەوا ئیمپراتۆری دەستگیرکرد کوردێک بووە بەناوی (شادی) .
گرنگترین شارە کوردیەکانی سەردەمی عەباسیەکان
ابن خەردازبە(٣٠٠/ک) لە کتێبی (المسالک والممالک) ئاماژەی بۆ چەندین شاری کوردنشین کردووە وەک(شارەزوور – میافارقین – ئامەد) شارەزوور شارێک بوو لە هەرێمی چیاکان لە ژمارەیەک شارەدێ و گوند پێکدەهات وەک(دیلمستان و دزدان) لە سەردەمی خەلیفە هارون الرشید(١٧٠ – ١٩٣/ک) کرایە ویلایەتی سەربەخۆ و والی تایبەتی بۆ دانرا ، وە شاری میافارقین شارێکی بەناوبانگی هەرێمی جەزیرە بوو ، پایتەختی میرنشینی مەروانی(دۆستەکی) بوو ، دانیشتوانی لە کوردە ڕەسەنەکانی شام بوون .
وە بەهەمان شێوەش ابن رستە (٢٩٠/ک) کە خەڵکی شاری ئەسفەهان بوو ، لە کتێبەکەیدا (الاعلاق النفیسە)دا باسی هەندێک شاری کوردنشینی بۆ کردوین وەک ( حلوان – حران – نسیبین )
شاری حلوان یەکێکە لە شارە دێرینە کوردنشینەکان و دەکەوێتە نێوان هەریمی چیاکان و ڕەشەخاکی عێراق ، خاڵی بەیەکبەستنەوەی پایتەخت بوو بە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی ، یەکێکی تر لە شارەکان شاری (دوین – دوبیل) کە کەوتبووە هەرێمی ئازەربایجان کە خاکی مەزنترین و بڵاوترین هۆزی کوردە بە درێژای سەدەکانی ناوەڕاست کە هۆزی( هەزەبانیە) بە تایبەت تیرەی (رەوادی) .