حوسێن كوردنەژاد
هەبوونی چەپ و ڕاست و دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن، مەرجی هەبوونی ئازادیی بەیان و ڕادەربڕینن.
ئەوەی هاوپەیمانانی كورد نیگەرانی لەسەر دەردەبڕن، كە ئازادیی بیروڕا لە هەرێمدا پاشەكشەی كردووە، مەبەستیان ئەوە نییە ڕۆژانە خەڵك و كەسان بە هۆی ڕادەربرین پێشگیرییان لێ دەكرێ، بەڵكوو نیگەرانییان لە لاوازبوونی فەلسەفەی وجوودی ئازادیی بەیانە، واتە لاوازبوونی هەڵسوكەوتی ئۆپۆزسیۆن و هەڵسوكەوتی دەستەڵات.
ئەوان ئەوە دەبینن، بۆیە دەڵێن ئازادیی ڕادەربڕین لە پاشەكشەدایە، بۆیەشە پێویستە سەرنج بخرێتە سەر ڕێكخستی ئەم پێوەندییە.
لە وڵاتاندا چەپ و ڕاست لە بەستێنی سەروەریی سیاسی وڵاتدا مانایان دەبێ و ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگای مەدەنی لەژێر چەتر و چوارچێوەی گشتگیری دەوڵەت و دەستەڵاتدا هەڵسوكەوت دەكەن؛ ئەگەر ئەو چوارچێوەیەیان قبووڵ نەكرد، دەبنە ئۆپۆزسیۆنی ڕووخێنەر كە خوازیارن سیستەم و سەروەریی لە بناغەوە بگۆڕێت.
كە وابوو، چوارچێوەیەك هەیە كە ئۆپۆزسیۆن و ئاكتۆری كۆمەڵگای مەدەنی تێیدا هەڵسوكەوتی خۆیان ڕێك دەخەن و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە پێشیان پێ دەگیرێت.
بۆیە مەرجە لەسەریان كە چوارچێوەكە قبووڵ بكەن، دەنا ئەگەر لە قسە دەرچن و بكەونە مەیدانی كردەی سیاسی، قەدەغە دەكرێن.
لە لایەكی ترەوە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و ئاكتۆرەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەتا ئەو جێیەی كە دەكرێ لە چوارچێوەی سەروەریی وڵات دەرنەچن و پاڵییان پێوە نەنرێت كە بەرەو ئەو لایەدا بڕۆن، پێویستە هەوڵ بدرێت سیاسەتی پیادەكراو لەلایەن دەستەڵاتی سیاسییەوە گشتگیر و كۆكەرەوە بێت.
تایبەتمەندیی هەرێم ئەوەیە كە حكومەت و دەوڵەت بۆ كورد لەم قۆناغەدا یەكە؛ كە سەرۆكی هەرێم دەڵێت: دوو زۆنی یانی سفر زۆنی، هەر لە سەر بنەمای ئەم لۆژیكە قسەكەی دروستە.
ئەم حاڵەتە تایبەتە وا دەكات كە هەم چەپ و هەم ڕاست پێویستە بەرپرسیارییەتیی قۆناغەكە بگرنە ئەستۆ. ئەگەر ئەم پێوەندییە ڕێك بخرێت و هەردوولا سنوورەكانی خۆیان بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و دیالۆگ بزانن، ئەوكات نیگەرانیی هاوپەیمانان لە پاشەكشەی ئازادیی ڕادەربڕین لە ئارادا نامێنێ.